رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کاروباری فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە ململانێ جیهانییەکاندا، ئاشکراشی دەکات پار زیاتر لە 36 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە 14 ناوچەی جەنگیدا کوژراون.
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، تۆم فلێچەر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەت بە قسەکردن لەسەر پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل گوتی: "ژمارەی راستەقینەی ئەوانەی کوژراون پێدەچێت زۆر لەوە زیاتر بێت."
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە رەوتێکی مەترسیداری جیهانی و گوتی: "ئێمە شایەتی هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و رێزگرتن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین."
فلێچەر گوتیشی، ژمارەی ئەوانەی بە زۆرەملێ ئاوارە بوون گەیشتووەتە ئاستێکی نوێی پێوانەیی و زیاتر لە 122 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و زۆربەیان ئاوارەی نێو وڵاتانی خۆیانن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "راپۆرتی زۆر بەربڵاو لەسەر بێسەروشوێنکردنی کەسانی سڤیل، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی نامرۆڤانە و تووندووتیژییەکانی دیکە هەن."
لەبارەی تووندووتیژی سێکسیش، فلێچەر گوتی، پار نزیکەی چوار هەزار و 500 حاڵەتی پشتڕاستکراوە هەبووە و 93٪ـی قوربانییەکانیش کچ بوون.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، برسێتی بەهۆی ململانێوە گەیشتووەتە "ئاستی مەترسیدار" و "ساڵی 2024 کوشندەترین ساڵ بوو بۆ کارمەندانی مرۆیی"، کە زیاتر لە 360 کارمەندی فریاگوزاری کوژران، لەنێویاندا لانیکەم 200 کەس لە غەززە و 54 کەس لە سوودان.
"هەر کاژێرێک ژن و کچێک دەکوژرێن"
فلێچەر داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەن و وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "ئیرادە و ئازایەتی سیاسی زیاتر نیشان بدەن بۆ گۆڕینی ئەم رەوتە".
سیما باهوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی رەگەزی و بەهێزکردنی ژنان هۆشداری دا کە "زیاتر لە 612 ملیۆن ژن و کچ لە ناوچانەی کە شەڕیان تێدایە دەژین". گوتیشی: "لە غەززە، لە ئۆکتۆبەری 2023ـوە زیاتر لە 28 هەزار ژن و کچ کوژراون، بە تێکڕا هەر کاژێرێک ژنێک و کچێک کوژراون."
باهوس جەختی لە پێویستی بەپەلەی هێنانەکایەی دادپەروەری کردەوە و گوتی: "جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت، ئەنجامدەران رووبەڕووی هیچ سزایەک نابنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ