رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەیانەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەن، کە رێگری لە بەرنامە ئەتۆمی و چالاکییە بالیستییەکانی ئێران بکات. بە پێچەوانەوە، سزاکانی سەر ئێران دەسەپێننەوە.
رۆژی دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025 کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو.
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی گوت، ئەو رێککەوتنەی نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئێران کرا، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت و ئەمەش دۆخێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.
رێککەوتنی ئەتۆمی لە 14ی تەممووزی 2015 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما لەنێوان ئەمریکا، ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار کرد، لە بەرامبەردا رۆژئاوا بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانی هەڵگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و ئێرانیش پابەندییەکانی کەم کردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران گوتی، "ئەمە زۆر روونە. یان دەبێت پێکەوە بگەینە رێککەوتنێک کە رێگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لایەنی بالیستییەکەی و چالاکییەکانی ئێران بکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، بەمەش هێشتا دەرفەتێک هەیە کە ئەو سزایانە جارێکی دیکە نەسەپێندرێنەوە."
وەکو بژاردەی دووەمیش، لە ئەگەری شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان، ژان نۆیل بارۆ گوتی، "یان ناگەینە رێککەوتن و ئەو کاتە هیچ بژارەیەکمان لەبەردەستدا نامێنێت جگە لە سەپاندنەوەی هەموو ئەو سزایانەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵمانگرتبوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ