رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا، لە کۆشکی کرێملین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتەی بە "دەستدرێژییەکی بێپاساو" ناوبرد و بەڵێنی دا "هەوڵی خۆیان بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران" بەکاربهێنن. لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی هەڵوێستی رووسیای کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا ڤلادیمیر پووتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: "هەڵوێستی رووسیا لەبارەی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران و ئیسرائیلەوە بە تەواوی روونە و لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا باسکراوە." گوتیشی، "ئەم دەستدرێژییە بێپاساوەی دژی ئێران هیچ بنەمایەکی نییە" و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشیشدا هەڵوێستی دەربڕیوە.
سەرۆکی رووسیا دیدارەکەی بە "هەلێک بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناوبرد و گوتی: "هەوڵدەدەین یارمەتیی خەڵکی ئێران بدەین و پێکەوە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئەم دیدارە لە بارودۆخێکی هەستیار و گرنگی ناوچەکەدا سازدەکرێت و گوتی: "ئاستی گرژییەکان بەهۆی دەستدرێژییە بێپاساوەکەی رژێمی ئیسرائیل و دواتر خودی ئەمریکاوە لە بەرزبوونەوەدایە." .
عێراقچی جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە دۆخی بەرگریی رەوادایە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. گوتیشی: "سوپاسی هەڵوێستەکانی رووسیا دەکەین لە شەرمەزارکردنی ئەم هێرشانە و رووسیا لە ئاراستەی دروستی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا وەستاوە."
ئەم دیدارە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ تاران و کەرەج رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان بوونەوە. لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی گرنگ کرانە ئامانج، لەوانە زیندانی ئێڤین و چەندین بنکەی سەربازی.
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان و سوپاسالاری گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەڕەشەی وەڵامی "پەشیمانکەرەوە"یان کردووە و رایانگەیاندووە پەرلەمان کار بۆ راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەکات.
دیداری عێراقچی و پووتین لەم کاتە هەستیارەدا هەوڵێکی دیپلۆماسیی ئێرانە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ