ئەمینە ئەردۆغان نامەیەک بۆ هاوتا ئەمریکییەکەی دەنێرێت

23-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینە ئەردۆغان، هاوژینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نامەیەکی بۆ میلانیا ترەمپ، هاوژینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نارد و داوای لێکرد ئەو هەستیارییەی بۆ جەنگی ئۆکراینای هەیە، بۆ قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززەش نیشانی بدات.
 
ئەمینە ئەردۆغان لەو نامەیەی رۆژی شەممە 23-8-2025 بۆ هاوژینی سەرۆکی ئەمریکای ناردووە، بە سڵاوێکی گەرم و رێزی بێپایان بۆ میلانیا ترەمپ دەستپێدەکات، نووسیویەتی: "هەرچەندە 6 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دیدارمان لە کۆشکی سپی لە واشنتن، هێشتا گفتوگۆ راستگۆیانە و میواندارییە جوانەکەی میلانیا ترەمپ لە یادمدا بە زیندوویی ماوەتەوە".
 
ئەمینە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی نانخواردن و پیاسەکردن لە باخچەدا، قسەکانی میلانیا ترەمپ ئەو هەستەیان پێداوە خاوەن ویژدانێکی هەستیارە بەرامبەر بە پرسە هەنووکەییەکان. ئەوەشی گوتووە، رەنگدانەوەی ئەو هەستیارییە ویژدانییەی لەو نامەیەشدا بینیوە کە میلانیا ترەمپ لەم دواییانەدا بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای نووسیبوو.
 
ئەمینە ئەردۆغان دەڵێت: "وەک چۆن ئێوەش لە نامەکەتاندا ئاماژەتان پێداوە، مافی گەورەبوونی منداڵان لە ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و ئارامدا، مافێکی گەردوونی و حاشاهەڵنەگرە. ئەم مافەش دەستکەوت نییە بۆ هیچ جوگرافیا، رەگەز، ناسنامەیەکی نەتەوەیی، گرووپێکی ئایینی یان ئایدۆلۆژیایەک. بۆیە، لایەنگریکردن لەو ستەملێکراوانەی لەم مافە بێبەشکراون، لە پێش هەموو شتێکەوە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بەرامبەر خێزانی مرۆڤایەتی".
 
هاوژینی رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای هەڵوێست لە میلانیا ترەمپ دەکات و دەنووسێت: "لەم چوارچێوەیەدا، بەتایبەتی وەک هاوژینی سەرکردەیەک، ئەو هەستیارییەی کە نیشانتان داوە بۆ جەنگی ئۆکراینا، بۆ ئەو خێزانانەی هەڵوەشاونەتەوە و بۆ ئەو منداڵانەی بێکەس ماونەتەوە، دەستپێشخەرییەکی هیوابەخشە. داواکارییەکەتان بۆ گەڕاندنەوەی خەندە بۆ سەر رووخساری ئەو منداڵە ئۆکراینییانەی ناچار بە بێدەنگی کراون، زۆر مانادارە. باوەڕم وایە ئەو هەستیارییە گرنگەی بۆ 648 منداڵی ئۆکراینی کە لە جەنگدا گیانیان لەدەستداوە نیشانتان دا، بە شێوەیەکی بەهێزتر بۆ غەززەش نیشانی دەدەن، کە لە ماوەی دوو ساڵدا 62 هەزار سڤیلی بێتاوان بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکراون و 18 هەزاریان منداڵ بوون."
 
میدیای تورکیا و بەتایبەتیش میدیای نزیک لە دەوڵەت ئەو نامەیەی هاوژینی رەجەب تەیب ئەردۆغانیان بڵاوکردووەتەوە و لەو وڵاتەدا بووەتە رۆژەڤ.
 
دەزگای پۆلێنکردنی قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراک (IPC) کە دەزگایەکی دانپێدانراوی جیهانییە و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات، دووپاتی دەکاتەوە، دۆخی غەززە گەیشتووەتە پێوەرە تووندەکانی برسێتی و ئێستا لە قۆناخی پێنجەمیدایە.
 
ئێستا نزیکەی 514 هەزار کەس کە دەکاتە نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی غەززە، رووبەڕووی "برسێتیی کارەساتبار" بوونەتەوە.
 
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ژمارەیە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بۆ 641 هەزار کەس بەرزببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە