رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، 23 کۆچبەری دیکە لە لیبیا دۆزرانەوە، رێکارەکان دەستیپێکردووە بۆ گەڕانەوەیان، کە هەر هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "23 کۆچبەری دیکە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا دۆزراونەتەوە" .
ئەحمەد سەحاف گوتی "دەستبەجێ دەستمان کرد بە رێکارەکانی سەلماندنی ناسنامەیان و ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ عێراق بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا. "
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا راشیگەیاند: "پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ خێزانەکانی کۆچەران مسۆگەر کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابن لە سەلامەتی رۆڵەکانیان ."
سەحاف روونیکردەوە، کە هەموو کۆچبەرەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵییشیان تێدایە.
دەشڵێت: " تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە یاری بە ژیانی گەنجەکانمان دەکەن".
بەگوتەی سەحاف "پێشتر باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەرابلوس رێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردبوو، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو لیبیاوەو دابینکردنی بلیتی فڕۆکە بۆ گەڕاندنەوەیان ."
رۆژی 12-10-2025 ، 12 کۆچبەری دیکە لە لیبیا دۆزرانەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
کۆچبەران دەچنە لیبیا بۆ ئەوەی لەوێوە بە دەریادا بپەڕنەوە وڵاتانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ