رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا بە پاڵنەری سیاسی دەستگیرکراون و داوای ئازادکردنیان دەکەن.
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دانیشتنی وەرزی زستانەی پەرلەمانی ئەوروپا، رەخنەی لە دادگەی تورکیا گرت بەوەی سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و عوسمان کاڤاڵا، بازرگانی تورکیای بە هۆکاری سیاسی لە زیندان هێشتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، بەرپرسانی تورکیا داواکاریی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵا پشتگوێ دەخەن و لەبارەی کاڤاڵاوە گوتی: "دادگە دەستگیرکردنەکەی بە سیاسی ناودەبات. باشبوو لەمدواییانەدا رێگە درا سەردانی بکرێت، بەڵام ئەمە شایەنی چەپڵەلێدان نییە، چونکە نابێت عوسمان کاڤاڵا لە زیندان بێت".
ئەنالینا بێربۆک باسی لەوە کرد، مایەی قبووڵکردن نییە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ئەوروپا هیچ کەسێک بە هۆکاری سیاسی بخەنە زیندانەوە. سەبارەت بە هەڵوێستی ئەڵمانیا لە دۆسیەی دەمیرتاش و کاڤاڵا گوتی: "من داوای خۆم لە بەرپرسانی تورکیا دووپاتدەکەمەوە کە عوسمان کاڤاڵا ئازاد بکات. هەروەها سەلاحەددین دەمیرتاش ئازادبکات. بە گشتی هەموو ئەوانە ئازاد بکرێن کە دادگە بە نایاسایی زیندانیکردوون".
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا لە رۆژی 18ـی تشرینی یەکەمی 2018دا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو و رۆژانی 22-11-2020 و 12-3-2021 بە فەرمی داواکارییەکەی دووپاتکردەوە، بەڵام تورکیا گوێی بە داواکارییەکە نەداوە.
بۆچی دەبێت تورکیا داواکەی دادگەی مافی مرۆڤ جێبەجێ بکات؟
تورکیا 18ـی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و زنجیرەیەک تۆمەتی دیکەی درایە پاڵ و رۆژی 4-11-2016 دەستگیرکرا و تائێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ