بەهۆی پیسبوونی هەوای پایتەختی تایلەندەوە 352 قوتابخانە داخران

24-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پیسبوونی هەوای شاری بانگکۆک، پایتەختی تایلەند 352 قوتابخانەی ناچار بە داخستن کرد.
 
رۆژی هەینی 24-01-2025 حکومەتی تایلەند بڕیاریدا 352 قوتابخانەی شاری بانگکۆک دابخات، ئەوەش دوای ئەوەی هەوای شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پیس بوو.
 
بەرپرسانی تایلەند رایانگەیاند، هەفتەیەک هەموو گواستنەوە گشتییەکان، لەوانەش پاس، شەمەندەفەر و میترۆ بە خۆڕایی دەبن. ئەوەش بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەن گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنن و لە ئۆتۆمبێلەکانیان دووربکەونەوە.
 
ئانوتین چارنیڤیراکول، وەزیری ناوخۆی تایلەند گوتی: "هیوادارین ئەم سیاسەتە پیسبوونی هەوا کەمبکاتەوە."
 
بێنجاوان سوکنای، پیاوێکی تەمەن 61 ساڵە و لە شەقام خواردنەوەی جۆراوجۆر دەفرۆشێت، گوتی: "هەناسەم پێنادرێت، هەست بە سووتانەوەی قوڕگم دەکەم. وابزانم تا رادەیەک داخستنی قوتابخانەکان یارمەتیی دۆخەکە دەدات."
 
گەورەشارەوانیی بانگکۆک رایگەیاند، 352 قوتابخانەکە لە 31 ناوچە و شارۆچکەی جیاوازی پایتەخت داخراون؛ لە شاری بانگکۆک 437 قوتابخانە هەن.
 
دوێنێ 23-01-2025 لە یەکەم بڕیاردا، حکومەت 250 قوتابخانەی داخست و داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەوە کاربکەن و تابکرێت ئۆتۆمبێل بەکارنەهێنن.
 
تایلەند وەکو زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری، پیسبوونی هەوای وەرزی هەیە، کە زیاتر زستانان دەیگرێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ پیسبوونی هەوای تایلەند زۆر لە وڵاتەکانی دیکەی دراوسێی زیاتر بوو.
 
تەنۆلکەکانی هەوا کە پێیان دەگوترێت PM 2.5 هێندە بچووکن کە دەکرێت لە رێگەی هەڵمژینی هەواوە بچنە نێو خوێن و ببنە هۆی شێرپەنجە، نابێت بۆ هەر مەتر سێجایەک لە 50 زیاتر بن لە هەوای شارێک؛ لە بانگکۆک گەیشتە 108. 
 
بەگوێرەی پێگەی IQAirـی سویسری کە چاودێریی کواڵیتیی هەوای جیهان دەکات، بانگکۆک حەوتەم پیسترین هەوای هەیە لە جیهان. شاری هۆچیمین لە ڤێتنام دووەم و فنۆمپێن لە کەمبۆدیا لە پلەی پێنجەم دێن. 
 
نیودەلهی پایتەختی هیندستان لە پلەی یەکەم دێت، مومبای هیندستان لە سێیەم، قاهیرەی پایتەختی میسر لە پلە چوارەم دێت لە شارە پیسبووەکانی جیهان لە هەوادا. 
 
پایتۆنگتارن شیناواتارا، سەرۆکوەزیرانی تایلەند، کە ئێستا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا بەشدارە، داوایکرد رێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر و دروستکردنی باڵەخانە لە بانگکۆک کەمبکرێتەوە.
 
بەرپرسانی بانگکۆک داوایانکردووە بۆ سێ رۆژ ئەوانەی کە دەتوانن لە ماڵەوە کاربکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی کاروباری منداڵان (یونیسێف) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، پار 242 ملیۆن قوتابی لە 85 وڵات بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیان لە چوونە قوتابخانە هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.