جیهان
قوتابخانەیەکی پاڵپشتیکراو لەلایەن یونیسێفەوە لە هەرێمی کوردستان. وێنە: UNICEF/UNI491800/KaramAbbas
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسێف) بڵاویکردەوە، پار کەشوهەوای تووند رێگری لە 242 ملیۆن منداڵ لە 85 وڵاتدا کرد بچنە قوتابخانە. ئاژانسەکە دەڵێت، ئەمە یەکێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
رۆژی هەینی، 24ی کانوونی دووەمی 2024، کاسرین روسێل، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شەپۆلی گەرما گەورەترین کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە و منداڵانیش زۆرترین کاریگەری کەشوهەوا تووندەکانیان لەسەرە. دەشڵێت: "پلەی گەرمی لەشی منداڵان بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، کەمتر ئارەقە دەکەنەوە و دابەزینی پلەی گەرمای لەشیان کاتێکی زیاتری دەوێت بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو".
روسێل ئاماژە بەوە دەکات، منداڵان ناتوانن تەرکیز بکەن لە پلەی گەرمی بەرزدا، ناتوانن بچنە قوتابخانە کاتێک لافاوە و قوتابخانەکانیان ئاو بردبێتی.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، چالاکییەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی لە رادەبەدەری سووتەمەنییە بە بەردبووەکان بوونەتە هۆی گۆڕینی کەشوهەوا و گەرمکردنی زەوی. هەروەها، پار بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرما گەشتە سەروو 1.5 پلەی سیلیزی بەراورد بە ساڵی 1850. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی کەشوهەوای تووند کە بەهۆیەوە 242 ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا پار شەپۆلی گەرما کاریگەری لەسەر 171 ملیۆن منداڵ هەبوو کە 118 ملیۆنیان لە مانگی نیساندا کەوتنە ژێر ئەو کاریگەرییەوە و زۆرترینیان لە وڵاتانی بەنگلادیش، کەمبۆدیا، هیندستان، تایلەند و فلیپین بوون.
بۆ منداڵانی فلیپین دۆخەکە خراپتر بوو، چونکە لەگەڵ گەرماکە هەوای بەشێکی شارەکانی ئەو وڵاتە زۆر پیس بوو و منداڵان تووشی کێشەی هەناسەدان دەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ