رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەدیتۆریالی تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەورووپی ENEX بەشداربوو. کۆنفرانسەکە دوو رۆژ 22 و23-02-2024 بەردەوام بوو. رووماڵێکی تۆڕی میدیایی رووداو زۆرترین بەکارهێنانەوەی بەرهەمەکانی هەبووە لەلایەن دەزگا میدیاییە هاوبەشەکانی نێو تۆڕەکەدا.
ئینێکس ENEX لە 1993 دامەزراوە و ئێستا 57 ئەندامی لە جیهان هەیە و رووداو تاکە هاوبەشی ئینێکیسە لە کوردستان.
کۆنفرانسی ئەم ساڵی ئینێکیس لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو و تێیدا باسی پرسەکانی هەڵبژاردنی ئەورووپا، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کاریگەرییەکانی، گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە کران.
بە گوێرەی زانیاری و ئامارەکانی ئینێکس، بابەتەکانی رووداو لەنێو تۆڕەکەدا لە پڕبینەرترینەکان بوون، بەتایبەت رووماڵی ئاگرەکەی حەمدانییە کە لە ئەیلوولی 2023 کەوتەوە و رووداو رووماڵێکی وردی کرد. رووماڵەکەی رووداو بۆ ئەو ئاگرە لەنێو تۆڕەکەدا پڕبینەرترین بووە و زۆرترین جار بەرهەمەکانی رووداو بەکارهێندراونەتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا
22-02-2024 رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە بوو و تێیدا بەرپرسانی میدیایی یەکێتیی ئەورووپا بەشدار بوون، ئەوە لەکاتێکدایە ئەورووپا خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنی یەکێتییەکە کە کەمتر لە 100 رۆژی ماوە.
بەرپرسە میدیاییەکان باسیان لە رۆڵی کاریگەری میدیا کرد لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنێکی فراوان لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەورووپادا .
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا و بەشداریی میدیای دەرەوەی ئەورووپا لە گواستنەوەی هەواڵەکانی هەڵبژاردن، کاروان فەیزی، ئەدیتۆری رووداو لە دێسکی ئینگلیزی رووداو دیجیتاڵ ، پرسیاری لە ژاومە دوگ گیلیۆت، گوتەبێژی پەرلەمانی ئەورووپا کرد.
گیلیۆت لە وەڵام دا گوتی، "هەروەک چۆن یارمەتیی هەر میدیایەکی دیکەی ئەورووپایی دەدەین، بە هەمان شێوەش یارمەتیی رووداو دەدەین".
جگە لە بابەتی هەڵبژاردن، قسەکەران تیشکیان خستەسەر پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و کاریگەری و لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر تاکی ئەورووپایی.
ژیری دەستکرد یەکێک بوو لە مژارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە و بە وردی گەنگەشەی لەسەرکرا. پەرلەمانی ئەورووپا دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە پرسی ژیریی دەستکرد رێکبخاتەوە بۆ رێگریکردن لە زیانەکانی ئەو پێشکەوتنە و سوود وەرگرتن لە هەموو لایەنە ئەرێنییەکانی.
رافێلا دی مارتێ، بەرپرسی خزمەتگوزاریی میدیا و تیبۆڵت لێسێنێکاڵ، بەرپرسی بەشی ئۆدیۆڤیژواڵ لە بەشی میدیای پەرلەمانی ئەورووپا لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون و تاوتوێی "مەترسییەکانی سەر دیموکراسی"ـیان کرد.
رافێلا دی مارتێ و تیبۆڵت لێسێنێکاڵ رایانگەیاند، چەندین گرووپ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار لەسەر ناشیرینکردنی ئەزموونی هەڵبژاردن و پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن. سەرنجێکی سەرەکی ئەوان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بوو کە پێیان وابوو تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و سانسۆر بخرێتە سەر ئەو نێوەڕۆکانەی زیان بە کۆمەڵگەی ئەورووپایی دەگەیێنن.
ئینێکس و پەرلەمانی ئەورووپا
لە هەنگاوێکی نوێ دا ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ئینێکس و ئۆتمار کاراس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەنێوان هەردوو دامەزراوەکەدا واژۆکرد. بەگوێرەی ئەو یاداشتە، کەناڵەکانی ئینێکس لەنێو یەکێتیی ئەورووپا و لە رووماڵی هەڵبژاردنەکەدا ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بەر لە واژۆکردنی یاداشتەکە بە ئامادەبووانی راگەیاند "ئەم هەڵبژاردنەی ئەورووپا لەکاتێکی گرنگدایە بۆ جیهان. قەیرانەکانی چەند ساڵی رابردوو، لە کۆڤید19ـەوە تاوەکو جەنگی ئۆکراینا و زیادبوونی تێچووی ژیان، هۆشیاری و پێشبینییەکانی هاووڵاتیانی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەرزکردووەتەوە".
کاراس لە باسی میدیادا رایگەیاند "ئێستا لە هەموو کاتێک گرنگترە هاووڵاتیان دەستیان بگاتە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان بۆ ئەوەی بتوانن سەبارەت بە داهاتوویان بڕیاری دروست بدەن و تەواوی مافە دیموکراسییەکانی خۆیان بەرجەستە بکەن".
رووماڵێکی رووداو یەکەم بوو
کۆنفرانسەکە لە رۆژی دووەم دا سەرنجی خستە سەر رۆژەڤە گەرمەکانی میدیای جیهانی، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و جەنگی غەززە.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا بە ئامار روونکرایەوە کە کام رووماڵ زۆرترین ئینگەیجمنت و کام ماتریاڵ زۆرترین جار لەلایەن هاوبەشەکانی نێو ئینێکسەوە بەکارهێندراوەتەوە.
رووداو لە پلەی یەکەم دابوو لەڕووی دیجیتال ئینگەیجمێنتەوە . ئەوەش بەهۆی رووماڵە بەرفراوانەکانی، بەتایبەتی رووماڵی بۆ ئاگرەکەی هۆڵی زەماوەندەکەی حەمدانییە لە 27-09-2023. ئەو رووماڵەی رووداو لە سەکۆ دیجیتاڵییەکانی ئینێکس دا زیاتر لە 7.7 ملیۆن ئینگەیجمێنت [لایک، کۆمێنت، بینین، بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانەوەی] هەبووە.
ساڵی رووماڵی هەڵبژاردنەکان و وەرزش و هونەر
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و 12 هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەورووپا لە 2024 دا بەڕێوەدەچن، ئەوە جگە لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانیێتیی یۆرۆی 2024 و ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024 لەم ساڵەدا. بۆیە ئەم ساڵ بۆ میدیاکانی جیهان ساڵی رووماڵی رووداوە گرنگەکانی هەڵبژاردن و وەرزش دەبێت.
ئەندامانی ئینێکس رایانگەیاند، بە بایەخەوە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڕوانن.
لەپاڵ هەموو ئەمانە، تیمی رووداو بە گرنگی زانی پەیوەندیی بەهێزی کولتووری و میوزیک لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان زیاتر بەرەوپێش بڕوات. لە کۆنفرانسەکەدا تیمی رووداو باسی گرنگیی (ماڵی میوزیکی زەهاوی) بۆ ئەندامانی ئینێکس کرد کە لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت دا بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی رەنگە جیاوازەکان و تێکەڵکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ میوزیکی گەلانی جیهان دا.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ