3 ساڵ بەسەر جەنگی ئۆکراینا دا تێپەڕی؛ خۆری کێ ئاوا دەبێت؟

24-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 24ـی شوبات سێ ساڵی تەواو بەسەر جەنگی ئۆکراینا و رووسیا تێپەڕی. سێ ساڵ بەسەر یەکەم هێرشی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەڕوات و هێشتا داهاتووی وڵاتەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی دیار نییە.
 
جەنگەکە لێکەوتێکی گەورەی خستووەتەسەر دارایی، سوپا و ژیانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و کاری لە هەموو جومگەیەک کردووە.
 
دوای تەنیا یەک مانگ لە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، هیوای ئۆکرایناییەکان نزیکە بەتەواوی نامێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ دەستی بە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ کرد، شەڕە قسەی لەگەڵ کیێڤ کرد و تەنانەت ئۆکراینای بە تۆمەتباری دەستپێکردنی جەنگەکە زانی. ئێستا ئۆکراینا لە دوو جەنگدایە؛ لە رۆژهەڵات بەرامبەر پووتین و لە رۆژئاواش بەرامبەر قسە و بڕیارەکانی ترەمپ.
 
چەند ژمارەیەکی خێرا
 
• جەنگەکە لە 24-02-2022 دەستیپێکرد.
 
• بەگوێرەی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 12هەزار و 654 سڤیل، کە 669ـیان منداڵن، لە ئۆکراینا کوژراون.
 
• بەگوتەی زیلینسکی، 46 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون.
 
• 320 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بەر ئۆکراینا کەوتووە.
 
• 90 هەزار سەربازی رووسی کوژراون.
 
• بەگوێرەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، شەش ملیۆن و 906 هەزار ئۆکراینی ئاوارەبوونە.

 

• 20 هەزار منداڵی ئۆکراینی رفێنراون.
 
• رووسیا 25 هەزار و 600 هێرشی ئاسمانی و درۆنی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
 
• نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە دژی ئۆکراینا نێردراونەتە رووسیا.
 
• بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشە چڕەکانی درۆنەوە، لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی برینداربوون و گیان لەدەستدان 30٪ زیادی کردووە.
 
• بەرەی جەنگیی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا هەزار کیلۆمەتر درێژە.
 
• بەهۆی هێرشەکانەوە، ئۆکراینا 65٪ کورتهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزە و سووتەمەنیدا هەیە.
 
• رووسیا 40٪ـی بودجەکەی بۆ سوپا و بەرگری تەرخان کردووە.
 
• بەگوێرەی پەیمانگەی کایل بۆ ئابووریی جیهانی؛ ئەورووپا 74.9 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و 66.3 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی و مرۆیی بە ئۆکراینا داوە. کۆی گشتی 141.24 ملیار دۆلارە.
 
• ئەمریکا 68.3 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و 53.5 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی و مرۆیی بە ئۆکراینا داوە. کۆی گشتی 121.82 ملیار دۆلارە.
 
زیانە گیانییەکان لە سڤیل و سەربازەکان
 
لەکاتێکدا جەنگ بەردەوامە، قورسە ژمارە و ئاماری تەواوی زیانە گیانییەکان لە هەردوولا دەستبخرێن.
 
رێکخراوی قازانجنەویستی (ACLED)ـی تایبەت بە ململاێکانی جیهان کە لە ئەمریکاش تۆمارکراوە؛ پێشبینی دەکات لەو سێ ساڵە 153هەزار کەس لە هەردوولا لە 140 هەزار رووداو و هێرش کوژرابن.
 
ئاژانسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 12 هەزار و 654 سڤیل کوژراون، کە 669ـیان منداڵن. نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها دەڵێت، 29 هەزار و 392 سڤیل برینداربوون. "84٪ـی قوربانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆکراینا و 16٪ـیش لە ناوچەکانی ژێر دەستی رووسیا تۆمارکراون. بەهۆی هێرشە چڕەکانی درۆنەوە، لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی برینداربوون و گیانلەدەستدان 30٪ زیادی کردووە."
 
بەگوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، 20 هەزار منداڵی ئۆکراینا رفێنراون. سەرەتای ئەم هەفتەیە ئۆکراینا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بە 46 هەزار خەمڵاند و راشیگەیاند، نزیکەی 380 هەزار سەرباز برینداربوون.
 
رووسیا هیچ ژمارەیەکی لەسەر سەربازە کوژراوەکانی ئاشکرا نەکردووە. بەگوێرەی میدیا و چەند سەرچاوەیەکی رووسی، ناوی 90 هەزار سەربازی کوژراوی رووسیا ناسراونەتەوە؛ بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەڵێن، 854 هەزار سەربازی رووسی کوژراون.
 
بە ئامانجگرتنی سڤیلەکان
 
بەگوێرەی ACLED، لە شوباتی 2022ـوە، لانیکەم هەشت هەزار و 578 جار سڤیلەکانی ئۆکراینا کراونەتە ئامانج؛ لەوانەش بە هێرشی ئاسمانی و درۆنی، رفاندن و تووندوتیژیی سێکسی. یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیە کە یەکسانە بە سێ هەزار و 269 جار، لە پارەوە روویانداوە.
 
قەیرانی پەنابەران و ئاوارەبوون
 
لە سەرەتای جەنگەکە ملیۆنان خەڵک لە ئۆکراینا رایانکرد و لە رێگەی پۆڵەندا، رۆمانیا، مۆڵدۆڤا روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کرد. دوای سێ ساڵ، هێشتا ملیۆنان ئۆکراینا لە دووریی ماڵەکانی خۆیانن و چەندین خەڵکیش ماڵێکیان نییە لێی بژین. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن و 906 هەزار پەنابەر لە دەرەوەی ئۆکراینان، بەشێکیان بەمشێوەیەن:
 
• ملیۆنێک و 223 هەزار و 795 پەنابەری ئۆکراینی لە رووسیا دەمێننەوە.

 

• ملیۆنێک و 243 هەزار و 445 کەس لە ئەڵمانیا.

 

• 998 هەزار و 70 کەس لە پۆڵەندا.

 

• 390 هەزار کەس لە چیک.

 

• 254 هەزار کەس لە بەریتانیا.

 

• 223 هەزار کەس لە ئیسپانیا.

 

• 179 هەزار و 820 کەس لە رۆمانیا.

 

• 170 هەزار و 390 کەس لە ئیتاڵیا.
 
لەنێو ئۆکرایناشدا چوار ملیۆن کەس دەربەدەر بوونە.
 
ئەلیزابێس هاسلەند، نوێنەری UNHCR بۆ ئۆکراینا گوتی "نابێت ئەوە لەبیر بکەین هێشتا هەموو رۆژێک شەڕ بەردەوامە و هێرشەکان زۆرن. خەڵکی سڤیلی زیاتر دەکوژرێن، ماڵی زیاتر دەڕوخێنرێن و ژێرخانی گرنگ وێران دەکرێن، بەمجۆرە ئاوارەبوونی زیاتر روودەدات."
 
بەگوێرەی هەمان ئاژانس، 52٪ـی ئەو ئاوارانە لانیکەم جارێک چوونەتەوە ئۆکراینا. لە ساڵی 2024ـدا تەنیا 7٪ـی ئاوارەکان مانەوە و ئەوانی دیکە دووبارە وڵاتەکەیان جێهێشت.
 
زیانە ئابوورییەکانی هەردوولا
 
هەفتەی پێشوو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، تاوەکو ئێستا جەنگەکە 320 ملیار دۆلار زیانی بەر ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە. 
 
زیانە ئابوورییەکانی رووسیا نەزانراون، بەڵام ساڵێک لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، زیانەکانی رووسیای بە 211 ملیار دۆلار خەمڵاند.
 
وێرانکارییەکانی ئۆکراینا زۆرن، رێکخراوی ACLED دەڵێت، لە 5500 هێرش و رووداودا، زیانی زۆر بەر موڵکی خەڵک، قوتابخانەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان و ژێرخانی وزە گەیشتووە.
 
بەگوێرەی ناوەندی ئۆکراینا بۆ ستراتیژییەتی ئابووری (CES) پێش جەنگ، لە ساڵی 2021 کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئۆکراینا 199.8 ملیار دۆلار بوو؛ لە ساڵی 2022ـدا 30٪ دابەزی و ئێستا رێژەکە 78٪ـە. هەڵاوسان بەرزە و 12.9٪ـە.
 
لە رووسیا لە ساڵی 2023 کۆی بەرهەمی نێوخۆ 3.6٪ بەرزبووەوە و بانکی جیهانی بە دوو تریلیۆن دۆلار خەمڵاندی و لە ساڵی 2024ـیش 4٪ بەرزبووەوە.
 
مۆسکۆ پشتێکی زۆر بە هەناردەی نەوت و گاز دەبەستێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئەورووپا سزایەکی زۆریان خستووەتەسەر.
 
هەڵاوسان لە رووسیا 9.9٪ـە و رێژەی سوودیش 21٪ـە. رووسیا 40٪ـی بودجەکەی بۆ بەرگری و سووپا تەرخانکردووە، کە یەکسانە بە 8٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی. بودجەی رووسیا لە ساڵی 2024ـدا 147 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو. 
 
پووتین چی بەدەستهێناوە؟
 
لە ئاداری 2022 لە سەرەتای جەنگەکە، رووسیا هەوڵیدا کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بگرێت، بەڵام شکستی هێنا. سێ ساڵ تێپەڕیوە و رووسیا هەریەک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، دۆنێتسک، باشووری خێرسۆن و لوهانسکی گرتووە، لەشکرکێشیشی بۆ نێو خارکیێڤ کردووە.
 
ئێستا رووسیا کۆنتڕۆڵی نزیکەی 111 هەزار و 339 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ئۆکراینای کردووە. سوپای ئۆکرایناش 71 هەزار و 938 کیلۆمەتر چوارگۆشەی وەرگرتووەتەوە.
 
بەرەی پێشەوەی جەنگی دوو وڵاتەکە 1000 کیلۆمەتر درێژە و شەڕ رۆژانە بەردەوامە. 
نزیکەی 200 میل لە دووریی باکووری رۆژهەڵات، ئۆکراینا چووەتە نێو هەرێمی کورسکی رووسیا و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدات. 
 
قەبارەی سوپا
 
سوپای ئۆکراینا ئێستا نزیکەی 880 هەزار سەربازی هەیە، ئەمەش بەگوتەی زیلینسکی لە 15ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ.
 
بەگوێرەی فەرمانێکی سەرۆکی رووسیاش، کە لە ئەیلوولی رابردوو داوای زیادکردنی سەربازی کرد، رووسیا 1.5 ملیۆن سەربازی هەیە. زیلینسکی گوتی، 600 هەزار سەربازی رووسی لە نێو ئۆکراینا دان. تەمەنی سەربازیی زۆرەملێ 27 ساڵ بوو، نیسانی رابردوو بۆ 25 کەمکرایەوە.
 
بەگوێرەی هەواڵگریی ئۆکراینا، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی کۆریای باکوور نێردراونەتە رووسیا. چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەش کردووە، 140 بۆ 180هەزار سزادراوی نێو زیندانەکانی رووسیا خراونەتە نێو سوپا. 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە