رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هاوتا رووسییەکەی کرد هێرشەکانی سەر ئۆکراینا بوەستێنێت. ئەمەش دوای ئەوەی رووسیا هێرشی کردە سەر کیێڤ و 12 کەس کوژران.
رۆژی پێنجشەممە، 24-04-2025، دوای هێرشێکی مووشەکیی رووسیا بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا و کوژرانی 12 کەس، ترەمپ لە رایگەیاند: "هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیام بۆ سەر کیێڤ پێخۆش نییە. بێهوودەیە و کاتەکەی زۆر خراپە."
ترەمپ نووسیویەتی: "ڤلادیمیر بوەستە، با رێککەوتنی ئاشتی بکەین."
ئەمە دوای ئەوە هات کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد، گوشاری زیاتر لە رووسیا بکەن بۆ ئەوەی هێرشەکانی راگرێت.
ئەم هەفتەیە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە رووسیا دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە. لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ئەمە چوارەم جارە ویتکۆف دەچێتە مۆسکۆ.
سێ ساڵە رووسیا هێرشی بەردەوام دەکاتە سەر ئۆکراینا، بەڵام کیێڤ کە بە بەرگرییەکی ئاسمانیی چڕ دەپارێزرێت، بە دەگمەن هێرشی دەکرێتەسەر.
زیلینسکی کە لە ئەفریقای باشوور بوو گوتی: "هیچ گوشارێکی بەهێز لەسەر رووسیا یان هیچ سزایەکی ئابووری لە دژی دووژمنکارییەکانی رووسیا نابینم. پێویستە هێرشە ئاسمانییەکان دەستبەجێ و بێمەرج بوەستن."
هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر کیێڤ کاژێر 1:00ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە [بە کاتی هەولێر و کیێڤ] کرا.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، لە چوارشەممە بۆ پێنجشەممە رووسیا 70 مووشەک و 145 درۆنی گرتووەتە ئۆکراینا و کیێڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ