جیهان
لەسەر پۆستەرێک نووسراوە "دادپەروەری بۆ ژوولی". خۆپێشاندەران رەخنەی تووند لە دادگەی فەرەنسی دەگرن. وێنە: Thomas SAMSON / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرەنسای سەرکۆنە کرد لە بەرامبەر ئەوەی کە نەیتوانیوە مافی سێ کچی خوار تەمەن 18 بپارێزێت دوای ئەوەی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەوە.
یەکێک لەو کچانە 14 کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی بە دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبار کردووە.
ژمارەیەک کەیسی گەورەی دەستدرێژیی سێکسی فەرەنسایان هەژاندووە.
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا "لە پاراستنی سکاڵاکاراندا شکستیهێناوە، کە سکاڵایان لە دژی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکردبوو."
بە گوتەی دادگەکە، ئەو سێ کچەی دەڵێن دەستدرێژییان کراوەتە سەر، لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵاکەیاندا تەمەنیان 13، 14 و 16 ساڵ بووە.
دادگەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، دادگەکانی فەرەنسا "وەک پێویست هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە نەکردووە کە ئایا سکاڵاکاران لەو دۆخەی تێیکەوتبوون توانای تێگەیشتن و پێدانی رەزامەندییان هەبووە یان نا."
لە یەکێک لە دۆسییەکاندا، کچێکی لەدایکبووی ساڵی 1995 کە چاپەمەنیی فەرەنسا بە ژوولی ناساندوویەتی، ژمارەیەک کارمەندی ئاگرکوژاندنەوەی تۆمەتبارکرد بەوەی کاتێک تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ بووە، دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەری.
کچەکە بەهۆی رەوشی دەروونییەوە، چارەسەری قورسی وەردەگرت و لە نێوان ساڵانی 2008 و 2010، 130جار داوای یارمەتیی لە بەرگریی شارستانی کردبوو و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە چووبوونە ماڵیان لە دەوروبەری پاریس،
ساڵی 2010، کچەکە و دایکی، کارمەندێکی ئاگرکوژاندنەوەیان تۆمەتبارکرد بەوەی ساڵی پێشتر دەستدرێژیی سکێسیی کردووەتە سەر کچەکە.
کچەکە کۆی گشتیی 14 کارمەندی ئاگرکوژاندنەوەی بە دەستدرێژیی سکێسی تۆمەتبار کردوە، بەڵام هەموویان رایانگەیاندووە، بە رەزامەندیی کچەکە سێکسیان لەگەڵ کردووە.
بە گوێرەی یاسای فەرەنسا، ئەگەر کردارەکە بە توندوتیژی، هەڕەشە و زۆرلێکردن بکرێت، ئەوا بە دەستدرێژیی سێکسی دادەنرێت.
ساڵی 2019 دادوەرێک بڕیاریدا کە ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدانەبوو، تۆمەتەکە سووک بکرێتەوە و بە دەستدرێژی هەژمار نەکرێت، کە ئەوە ناڕەزایی توندی فێمینستەکانی لێکەوتەوە.
"بەئاگاهێنەرەوە"
دوای پەنابردنە بەر دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا و ململانێیەکی یاسایی دوور و درێژ، تشرینی دووەمی پار، دادگەیەکی فەرەنسا سزای زیندانیکردنی بۆ دوو لە کارمەندەکانی ئاگرکوژاندنەوە دەرکرد، یەکێکیان چوار ساڵ و یەکێکی دیکە 15 مانگ.
ساڵی 2021 یاسای فەرەنسا هەموارکرایەوە بۆ ئەوەی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ نەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی رەزامەندی سێکسکردن بە کەسێکی پێگەیشتوو بدات.
بەڵام بەهۆی ئەوەی رووداوی دەستدرێژییەکە پێش ئەو کات روویاندابوو، کارمەندەکانی ئاگرکوژاندنەوە بە یاسا کۆنەکە دادگاییکران.
دوای ژمارەیەک هەوڵی خۆکوشتن، قوربانییەکە ئێستا بەشی هەرە زۆری جەستەی پەکیکەوتووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا فەرەنسا سەرکۆنە دەکات لەبەرامبەر ئەوەی کە مافی ژوولی نەداوە و "مامەڵەی جیاکاری" لە بەرامبەردا کردووە.
بە گوتەی دادگەکە، دامودەزگە ئەمنییەکان و دادگەکانی فەرەنسا شکۆمەندیی کچەکەیان نەپاراستووە، بەڵکو قسە و بڕیارەکانیاندا هەوڵیانداوە گلەییەکە بخەنەئەستۆی کچکە.
پارێزەری کچکە بڕیاری دادگەی ئەورووپی بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت ئەمە "بەئاگاهێنەرەوەیەکە بۆ فەرەنسا."
پارێزەر ئیمانوێل داود دەڵێت: "دادگەی مافی مرۆڤیی ئەورووپا دەڵێت، دادگەکانی ئەورووپا ناتوانێت لە بەرامبەر قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی و گێچەڵی سێکسی بەم شێوەیە رەفتار بکات، بە تایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە منداڵانەوە هەیە."
داوود ئاماژە بەوە دەکات، کچەکە لە کاتی رووداوەکە منداڵ بووە، بەڵام لە دادگە "وەک تۆمەتبار مامەڵە لەگەڵ ژوولیدا کراوە و پرسیاری لێ کراوە بۆچی هیچ بەرهەڵستییەکی نەکردووە."
داوود پێیوایە، بڕیاری دادگە ئەورووپییەکە ئەو "سووکایەتی و ئازارە" دەسڕێتەوە کە لە لایەن پۆلیس و دادگەکانی فەرەنساوە بەسەر ژوولیدا هێنراوە.
قوربانیی دووەم، دوو پیاوی تۆمەتبارکردووە بەوەی کاتێک تەمەنی 14 ساڵان بووە، دەستدرێژییان کردووەتە سەری، بەڵام پۆلیسی فەرەنسا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کچەکە لەو کاتەدا "بە روونی سەرخۆش بووە،" بۆیە دادگەی فەرەنسا تۆمەتبارەکانی بە بێگوناهـ هەژمارکردووە.
سکاڵاکاری سێیەم باسی لەوە کردووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە لایەن پیاوێکەوە لە نێو ماڵی کچەکەدا دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری، بەڵام دامودەزگە فەرەنسییەکان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە، دۆسیەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا لە هەرسێ دۆسییەکەدا، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە "دەوڵەتی فەرەنسا لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ جێبەجێکردنی یاسای تاوانکاری بۆ سزادانی سێکسی زۆرەملێ شکستیهێناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ