دادوەرێک بڕیاری ترەمپ بۆ قەدەخەکردنی خوێندکاری بیانی لە زانکۆی هارڤارد رادەگرێ

24-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادوەرێکی ئەمریکا بڕیارێکی ئیدارەی ترەمپی دژی زانکۆی هارڤارد راگرت. ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە کە چیدیکە زانکۆ بەناوبانگەکە نەتوانێت خوێندکاری بیانی وەربگرێت. 
 
هەربۆیە زانکۆکە لە دادگەی فیدراڵیی بۆستن سکاڵای دژی بڕیارەکەی ترەمپ تۆمارکرد. 
 
هارڤارد رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەو بڕیارەی دەستووری ئەمریکای پێشێلکردووە و ئەو کارەی دەبێتەهۆی دوورخستنەوەی نزیکەی 7 هەزار خوێندکار. 
 
ئەڵیسن بۆرۆو، دادوەری دادگەی ماساچووسێتس لە بۆستن بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپی بەشێوەیەکی کاتی راگرت. 
 
دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆکە وەک پشتیوانییەک بۆ غەززە دژی ئیسرائیل خۆپێشاندانیان کرد، لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە بە دژایەتیکردنی جووەکان تۆمەتبارکران. 
 
هارڤارد لە سکاڵاکەیدا باس لەوە دەکات، ئێستا کە چەند رۆژێکی کەم بۆ ئاهەنگی دەرچوون ماوە، ئیدارەی ترەمپ پشێویی خستووەتە نێو زانکۆکە. ئەو خوێندکارە بیانییانەی لەوێ دەخوێنن، یان دەبێت بڕیاربدەن خۆیان بگوازنەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە یانیش ڤیزەی خوێندن لەدەست دەدەن و دەنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان. 
 
هارڤارد دەڵێت، ئەمە زیانی پێدەگەیێنێت، لە کاتێکدا لەگەڵ زانکۆکانی دیکە لە کێبڕكێی راکێشانی باشترین خوێندکارانی جیهاندایە. تەنانەت ئەگەر لەم بڕیارە رزگاری بێت، "خوێندکارانی داهاتوو رەنگە لە ترسیی تۆڵەکردنەوەی حکومەت ئامادە نەبن داواکاریی وەرگرتن پێشكێش بکەن."
 
زانکۆکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر بڕیارەکانی حکومەت سەربگرن، تاوەکو لانیکەم دوو ساڵی دیکە ناتوانێت خوێندکاری نێودەوڵەتی وەربگرێت. 
 
نزیکەی شەش هەزار و 800 خوێندکاری بیانی لە زانکۆی هارڤارد لە شاری کەیمبریجی ویلایەتی ماساچووسێتس دەخوێنن، کە زۆربەیان هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەدەن. 
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بڕیارەکەی راگەیاند و زانکۆکەی تۆمەتبارکرد بەوەی بە رێگەدان بە "تێکدەرانی دژی ئەمریکا و لایەنگری تیرۆریستان،" کەشێکی ناسەلامەتی دروستکردووە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر خوێندکارانی جوو. 
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا هارڤاردی تۆمەتبارکرد بەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی چین هەیە. 
 
ئەڵمانیا رەخنەی تووندی لە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ گرت و بە "کوشندە" ناوی برد. 
 
دۆرۆسی بایەر، وەزیری توێژینەوەی زانستیی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، هیواخوازە حکومەتی ئەمریکا لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە، چونکە "ئەوە ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە، نە بۆ نەوەی گەنج، نە بۆ جیهانی ئازاد."
 
نزیکەی 550 خوێندکاری ئەڵمانیا لە هارڤارد دەخوێنن. 
 
سێباستیان هیڵ، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند: "کۆتوبەندکردنی ئازادیی ئەکادیمی، کۆتوبەندکردنی دیموکراسییە."
 
کۆشکی شاهانەی بەلجیکاش رایگەیاند، چاودێریی دۆخەکە دەکات، لە کاتێکدا شازادە ئیلیزابێس، کە دەبێتە شاژنی داهاتووی وڵاتەکە، لەو زانکۆیە دەخوێنێت. 
 
شازادە تەمەن 23 ساڵانەکە لە هارڤارد ماستەر لە بواری سیاسەتی گشتی دەخوێنێت. 
 
هارڤارد تاوەکو ئێستا 162 براوەی خەڵاتی نۆبڵی بەرهەمهێناون. 
 
ترەمپ لە زانکۆکە توڕەیە لەسەر ئەوەی کە ئامادە نییە رێگە بە حکومەت بدات سەرپەرشتیی وەرگرتنی خوێندکاران بکات. 
 
هارڤارد لە ساڵی 1963 دامەزراوە و کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ئەمریکا. 
 
بەشێک لە دیارترین بیرمەند، توێژەر و لێکڵینڤانەکانی جیهان، لە نێویاندا هەشت سەرۆکی ئەمریکا، دەرچووی ئەو زانکۆیەن.
 
پێوەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکە زۆر زەحمەتە و ساڵانە تەنیا 4٪ تاوەکو 5٪ی داواکارییەکان وەردەگیرێن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا