رووداو دیجیتاڵ
بزنە کێوییەکانی ناوچەی شاهۆ، بەشێک لە جوانییەکانی ئەو شاخە ناوازەیە؛ لەم ساڵانەدا ژمارەیان زیاتر بووە، بەڵام هاوکات مەترسییەکانی سەریشیان زیاتر بوون. ئەم رۆژانە هەندێکیان روویان لە ناوچە ئاوەدان، نزیک گوندەکان و پێدەشتەکانی شاری کامێران کردووە.
ڤیدیۆیەک کە چەند رۆژی رابردوو بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە بزنە کێوییەکان لە نزیک گوندی سراوکام لە نزیک کامێران نیشان دەدات، ناوچەیەک کە ژینگەی خۆیان زۆر زۆر دوورترە.
هۆکاری ئاوارەبوونی بزنە کێوییەکان بۆ شاهۆ و کۆساڵان لە ژینگەی خۆیان زۆرە؛ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، سووتانی دارستانەکان و زۆربوونی مەڕوماڵات کە لەوەڕگەکانی بزنە کێوییەکان دەخۆن. ئەمانە جگە لە راوکردنیان و هەروەها گرتنی بێچووەکانیان لەلایەن راوچی و تەنانەت شوان و خەڵکی خۆجێیەوە.
سەرەڕای ئەمانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێرانیش ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکانی بۆ بزنە کێوییەکان نائەمن کردووە. تۆپباران و لەشکرکێشیی سەربازیی ئاسایش و ئارامیی ژینگەی ئەوانی تێکداوە.
ئەم دۆخە خەریکە کاریگەریی لەسەر ژینگەی حاجی لەق لەقەکانی دەرەتفێ لە ناوچەی مەریوانیش دادەنێت. بۆ پاراستنی ئەمانیش کەمپەینێک وەگەڕخراوە و دەڵێن، ئەگەر بێتو حاجی لەق لەقەکان بڕۆن، ناگەڕێنەوە.
لەو کەمپەینەدا گوتراوە، تۆپباران مەترسیی لەنێوچوونی ژینگە و ئاگرکەوتنەوەی زۆر زیاد کردووە، بابەتێک کە دوو ساڵ لەمەوبەر هێلانەی 200 حاجی لەق لەقی کۆچەریی لەنێوبرد.
ناوچەکانی کۆساڵان و شاهۆ ساڵی 2019 وەکو ناوچەی پارێزراو دەستنیشان کراون. ناوچەیەک کە لەنێوان شارەکانی کامێران، مەریوان، سەوڵاوا، پاوە و روانسەردا هەڵکەوتووە و 117 جۆر باڵندە، 23 جۆر شیردەر و 17 جۆر خشۆکی لێ دەژیت.
ساڵانێکی زۆرە چالاکڤانانی بواری ژینگە هەوڵ دەدەن خەڵک رابێنن بۆئەوەی خۆیان ژینگە بپارێزن، ئەوان ئێستاش داوا لە خەڵک دەکەن ئاگایان لە بزنە کێوییە ئاوارەکان بێت تاوەکو بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ ناوچەی خۆیان تامی ژیانی ئازاد بچێژنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ