رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا بۆ ئەوەی بتوانن چالاک بن و توانای رووبەڕووبوونەوەی گرووپە "تیرۆرستییەکانیان" هەبێت.
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن سەبارەت بە پاڵپشتییەکانیان بۆ حکومەتی سووریا رایگەیاند: "دیاریکردنی باڵیۆز تۆم باراک، بە نێردەی تایبەت ئاماژەیەکی گرنگە لە پابەندیمان بە پاڵپشتیکردنی سووریا بۆ ئەوەی بتوانن حکومەتێکی چالاک و سەقامگیریان هەبێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، باراک "باڵیۆزی وڵاتەکەمانە لە تورکیا و لە رێگەی کارەکانییەوە پابەندبوونمان بە سەقامگیری حکومەتەکەیان پیشان دەدەین".
رۆژی 23ـی ئایاری ئەم ساڵ، باراک وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دیاریکرا و لەو کاتەوە ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە.
برووس لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە "ژمارەیەکی زۆر لە سزاکانمان (لەسەر سووریا) هەڵگرتوون بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بتوانن هاوکاری حکومەتی نوێ بکەن"؛ گوتیشی، ئەوە بۆ ئەوەی "رۆژ بە رۆژ (حکومەتی سووریا) بەهێزتر بێت و بتوانێت رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان بەتایبەت داعش بێتەوە. پێم وایە ئەمەش ئەو پابەندبوونەی ئێمە بە روونی پشاندەدات".
13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ."
ساڵی 2011 ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی سووریا تەقینەوە و دواتر بووە شەڕی ناوخۆ. 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. لە دوای 2011وە حکومەتی ئەسەد تۆمەتبارکرا بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکەکەی و بەکارهێنانی چەک لە دژیان، بەو هۆیەوە ژمارەیەک سزای لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەسەردا سەپێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ