رووداو دیجیتاڵ
دادگەی نێودەوڵەتی بۆ داد، بڕیارێکی دەرکرد و دەڵێت، هاوکار دەبێت لە پاراستنی کەشوهەوا و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی وڵاتان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. هەروەها، بڕیارەکە بنەمایەکی یاساییش دادەنێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە داوای قەرەبوو بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، دادگەی نێودەوڵەتی داد لە لاهای بڕیارێکی بۆ رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا لە رێگەی پابەندکردنی وڵاتانەوە بە ئەرکەکانیان دەرکرد. بڕیارەکە پابەندکەر نییە، بەڵام بەرپرسیارێتیی وڵاتان زیاد دەکات.
بە گوێرەی بڕیارەکە، پێویستە وڵاتان باشتر چاودێریی کاری کۆمپانیاکان بکەن، ئەمەش بە جۆرێک کە نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە، نەک تەنیا لەو شوێنەی کاری تێدا دەکەن بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوەش. ئەمەش لە رێگەی چاودێریکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە سووتەمەنی بەکاردەهێنن و وەکو پێویست رێگری لە زیانە ژینگەییەکان ناکەن.
دێلتا مێرنەر، پسپۆڕی ژینگە لە دامەزراوەی زانستی ساینس هەبی نێودەوڵەتی لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، بەم بڕیارە دادگەکە پابەندنەبوونی وڵاتان بە پاراستنی کەشوهەوا بە پێشێلکاری بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی دادەنێت. دەشڵێت، دادگەکە هەبوونی کەشوهەوایەکی پاک بە یەکێک لە مافەکانی مرۆڤ دیاری دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بڕیارە بنەمایەکی یاسایی دروست دەکات کە ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، داوای قەرەبوو لەو وڵات و لایەنانە بکەن کە زۆرترین زیان بە ژینگە دەگەیێنن.
گیوا ناکات، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرینپیس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاند: "ئێستا دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گۆڕینی رەوتی دادی کەشوهەوا دەرکرد". دەشڵێت، بڕیارەکە "تێڕوانینی ئێمە بۆ کاری کەشوهەوا بە شێوەیەکی ریشەیی دەگۆڕێت، نەک وەک کارێکی خێرخوازی، بەڵکو وەک ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا."
"گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە لەسەر مانەوەی مرۆڤایەتی"
یوجی ئیواساوا، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای رایگەیاند، "کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرن و زیانی گەورەیان بۆ سیستەمی ژینگەیی و مرۆڤایەتی هەیە". گوتیشی: "کاریگەرییەکان پیشانی دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر مانەوەی مرۆڤایەتی و سیستەمی ژینگەیی."
ئینگەر ئەندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNEP)، رایگەیاندووە، شەپۆلەکانی گەرما، هاوشانی لافاو و کەمبوونەوەی سەهۆڵبەندەکان، لە زۆرترین و مەترسیدارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوان.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 40٪ـی رووبەری وشکانیی زەوی مەترسی بە بیابانبوونی لەسەرە و ژیانی نزیکەی دوو ملیار مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەو مەترسییانەی کە ئەم کاریگەرییانە دروستی دەکەن، بەتایبەتی بۆ کەسانی بەساڵاچوو کە ئێستا بەراورد بە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو رێژەی گیانلەدەستدان لەنێویاندا بەهۆی گەرماوە نزیکەی 85٪ زیادیکردووە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. بەرنامەیەکی تایبەتی هێشتا ماویەتی لەسەر دۆخی ناوچەکانی عێراق ببینن
گۆڕانی کەشوهەوا و برسێتی
ئایاری 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا بڵاوکردەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پار لێکۆڵینەوەیان لە 65 وڵات کرد، دەرکەوت لە 53یاندا 295 ملیۆن کەس لەو ساڵەدا تووشی برسێتیی تووند بوون. ئەمەش شەشەم ساڵی لەسەر یەک بوو ژمارەی برسییەکان زیاد بکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا رایگەیاند: "لە غەززە و سوودانەوە بۆ یەمەن و مالی، کارەساتی برسێتی بەهۆی شەڕ و هۆکارەکانی دیکەوە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد". گوتیشی، "پەیامەکە روونە. برسێتی و بەدخۆراکی خێراتر لە توانای ئێمە بۆ وەڵامدانەوە بڵاودەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەک لەسەر سێی خۆراکی بەرهەمهێنراو بەفیڕۆ دەچێت".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گرژی و تووندوتیژییەکان هۆکاری سەرەکی برسێتیی تووندبوون لە 20 وڵاتدا. لەو وڵاتانەدا 140 ملیۆن کەس برسی بوون. لە 18 وڵاتدا گۆڕانی کەشوهەوا و لە 15 وڵاتیشدا شۆکی ئابووری هۆکار بوون. بەو دوو هۆکارە 155 ملیۆن کەس برسی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ