ئەڵمانیا؛ کەمیی کارمەندی پسپۆڕ بووەتە قەیران و سەدان هەزار هەلی کار بەتاڵن

25-08-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
شەقامێکی دووسڵدۆرف
شەقامێکی دووسڵدۆرف
A+ A-

رووداو-دوسلدۆرف

کەمیی کارمەندی پسپۆڕ لە ئەڵمانیا لە کێشەوە بووەتە قەیرانێکی گەورە و تەنیا لە 2024دا، 490 ملیۆن یۆرۆ زیانی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە. گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دادەنرێت و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە 10 ساڵی داهاتوودا قەیرانەکە دوو هێندە زیاتر دەبێت.
 
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی کێشەکە، رووداو سەردانی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی شاری دوسلدۆرفی کرد. دکتۆر نیکۆلاوس پاڤنهۆلتس، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکان لە ژوورەکە، بە رووداوی راگەیاند: "کەمیی کارمەندی پسپۆڕ لە هەموو شوێنێک هەستی پێدەکرێت. تەنیا لە ویلایەتی نۆردڕاین-ڤێستفالن 290 هەزار پۆستی کار لە ئێستادا بەتاڵە."
 
هۆشدارییشی دا "ئەم دۆخە بەهۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییەوە هێشتا تووندتر دەبێت و چاوەڕوان دەکەین لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا دوو ئەوەندە زیاتر ببێت." دکتۆر پاڤنهۆلتس جەختی کردەوە "دەبێت ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی گشتگیر چارەسەر بکرێت، کە هێنانی کارمەندی پسپۆڕی نێودەوڵەتیش بەشێکی گرنگە لە ستراتیژییەکە."
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، حکومەتی ئەڵمانیا سێ رێکاری گرتووەتەبەر: باشترکردنی پەروەردە و رێنمایی پیشەیی، درێژکردنەوەی تەمەنی کار بۆ کارمەندە بەتەمەنەکان و هێنانی کارمەندی پسپۆڕ لە دەرەوەی وڵات. سەرەڕای ئەمەش، دۆخەکە هێشتا بۆ زۆربەی کۆمپانیا مامناوەند و بچووکەکان سەختە.
 
یەکێک لەو خاوەنکارانەی رووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە، داخۆ محەممەدە، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و 10 ساڵە لە ئەڵمانیا خاوەنی کۆمپانیایەکی خانووبەرەیە و کاری نۆژەنکردنەوە دەکات. کۆمپانیاکەی داخۆ نزیکەی 10 بۆ 12 کارمەندی هەیە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، بە پەرۆشەوە بەدوای کارمەندی نوێی پسپۆڕدا دەگەڕێت.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئینستیتووتی ئابووریی ئەڵمانیا، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2028 نزیکەی 768 هەزار هەلی کار بە بەتاڵی بمێننەوە. بوارەکانی پەرستاری، کاری کۆمەڵایەتی و فرۆشتن زیاترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت، چونکە ژمارەیەکی زۆری کارمەندان خانەنشین دەبن و لە بەرامبەردا گەنجی کەم دێتە نێو بازاڕی کارەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.