رووداو دیجیتاڵ
پێنج پەناخوازی سووریایی بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن 17 ساڵ، لە شاری ئاخنی رۆژئاوای ئەڵمانیا دەستگیرکران، ئەمە وەک داواکاری گشتیی شارەکە رایگەیاند.
گوایە کچەکە لە لایەن خۆشەویستی پێشوویەوە فریودراوە بۆ ئەوەی بیبینێت. کاتێک کچەکە چووەتە نێو ئۆتۆمبێلی کوڕەکە، سێ کەسی دیکە لەگەڵی سەرکەوتوون و دواتر کچەکەیان بردووەتە شوقەیەک. لەوێ، ئەو سێ کەسە لەگەڵ دوو کەسی دیکە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچەکە. بەڵام دەگوترێ کۆنە خۆشەویستەکەی لەو کارەدا بەشداری نەکردووە.
بە گوێرەی داوکاری گشتیی شاری ئاخن، هەر پێنج دەستدرێژیکارەکە پەناخوازی سووریایین و تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 26 ساڵیدایە.
کچەکە بە پۆلیسی گوتووە، دوای ئەوەی هەڵخەڵەتێندراوە و بردراوەتە شوقەی یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە شاری هەینزبێرگ، هێرش و دەستدرێژیی کراوەتە سەر.
کچەکە باسی لەوە کردووە کە بەیانیی رۆژی شەممەی هەفتەی رابردوو، بە کۆمەڵ دەستدرێژییان کردووەتە سەری.
رۆژێک دواتر، هێزێکی تایبەتی ئەڵمانیا هەڵیان کوتایە سەر شوقەکە لەو شارەی کە نزیکە لە سنووری هۆڵەندا.
پۆلیس دەڵێ، کچکە ئەڵمانی نییە. کچەکە سەرەتا هاوڕێیەکی خۆی لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە و دواتر دایک و باوکی هاوڕێکەی، تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کردووە.
لە پشكنینی شوقەکەدا، دەمانچەیەک و تەیزەرێک (واتە دەمانچەی کارەبالێدان) دۆزرانەوە.
کچەکە گوتوویەتی، بەو چەکانە ترسێندراوە بۆ ئەوەی خۆی بە دەست تۆمەتبارانەوە بدات.
دەگوترێ پێنج تۆمەتبارە سووریاییەکە ماوەیەکی بەرچاوە لە ئەڵمانیا دەژین. تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەبووە کچەکە لە بنەڕەتدا خەڵکی چ وڵاتێکە.
چوار لە تۆمەتباران یەکسەر دوای رووداوەکە دەستگیرکران و ئەوی دیکەیان سەرەتا هەڵات، بەڵام دواتر خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
دادوەرێکی لێکۆڵەر بڕیاریداوە کە هەر پێنج تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەری بمێننەوە. بە گوتەی دادوەرەکە، هەر پێنجیان پێشینەیان لای پۆلیس هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ