رووداو - بەلجیکا
سەرۆک و سەرکردەکانی 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە یەکەمین کۆبوونەوەی پاییزەیاندا، بە خێرایی و بە کۆی دەنگ لەسەر 19یەمین پاکێجی سزاکانیان بەسەر رووسیا دا رێککەوتن.
ئەم پاکێجە نوێیە بە ئامانجی لاوازکردنی کەرتی وزەی رووسیا داڕێژراوە و کۆمەڵێک "سزای گرنگ" لەخۆ دەگرێت، لەوانەش خستنە لیستی رەشی زیاتر لە 100 کەشتی نەوتهەڵگری بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رووسیا، هەروەها ساڵێک پێشخستنی قەدەخەی هاوردەکردنی گازی سرووشتی شلکراوە (LNG)ـی رووسی.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی کە رووداویش ئامادە بوو، رایگەیاند: "ئێمە 19یەمین پاکێجی سزاکان پەسند دەکەین، کە چەندین خاڵی گرنگی سەبارەت بە وزە و دامەزراوە داراییەکان تێدایە. هەمووی بۆ ئەوەیە رووسیا لەو ئامرازانە بێبەش بکەین کە بۆ پارەدارکردنی ئەم جەنگە بەکاریدەهێنێت."
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێتییەکە "زۆر دڵخۆشە بەو ئاماژانەی لە ئەمریکاوە سەبارەت بە سزاکان پێیان دەگات."
کاڵاس گوتیشی: "سێ ئاماژەی زۆر گرنگ دەنێرین. یەکەمیان بۆ ئۆکراینایە، کە ئێمە پشتیوانییان دەکەین بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن. دووەمیان بۆ رووسیایە، کە ناتوانن لە ئێمە زیاتر بەرگە بگرن و، سێیەمیشیان بۆ ئەمریکایە، بۆ ئەوەی نیشان بدەین کە ئێمە خۆشمان هەنگاوی زۆر گرنگ دەنێین."
لەکاتێکدا قەیرانی دارایی باری گرانی بەسەر وڵاتانی ئەورووپادا کێشاوە، ناچارن بە ملیۆنەها دۆلار هاوکاریی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکراینا کۆبکەنەوە. سەرەڕای ئەمەش، کۆدەنگییەک هەیە بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکان.
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلەندا، جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ئۆکراینا کردەوە: "ئێستا چارەسەرێکی فیزیکیمان لەبەردەستدا هەیە و دەبێت پەیامێکی روون بدەین کە پێویستە کۆمیسیۆن لە داهاتوودا پێشنیازێکی روون ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەهێز پارە بۆ ئۆکراینا دابین بکەین."
ئۆرپۆ وێڕای ئەوەی ئاماژەی بە سزاکانی دژی رووسیا کرد، گوتیشی: "بەو سزایانە و پارەدارکردنی بەهێزی ئۆکراینا پێکەوە، دەتوانین هاوکێشەی یارییەکە بگۆڕین."
لە ساڵی 2022وە تاوەکو پار، وڵاتانی پشتیوانی ئۆکراینا زیاتر لە 310 ملیار دۆلاریان بۆ پشتیوانی سەربازی، دارایی و تەندروستی لە شەڕی ئۆکراینادا خەرج کردووە.
بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، تێچووی رۆژانەی شەڕەکە نزیکەی 172 ملیۆن دۆلارە. ئەم کۆبوونەوەی لووتکەیە دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا پابەندە بە درێژەدان بە فشارەکان لەسەر رووسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراینا، سەرەڕای ئاستەنگە ئابوورییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ