رووداو دیجیتاڵ
نەیزەکێکی بچووک لە ناوچەکەی خۆمان لە گەردوون بینراوە کە خێرایی و هێزەکەی لەوە کەمترن بتوانێ بە ئاسانی لە داوی خۆر و زەوی و تەنەکانی دیکە رزگاری ببێت، بۆیە تاوەکو 2083 دەمێنێتەوە و دەتوانین بە تەلەسکۆپ بیبینین.
نەیزەکەکە لە مانگی ئابی ئەم ساڵ لەلایەن ناوەندێکی چاودێریی گەردوون لە هاوایی ئەمریکا بینرا.
ئەگەرچی لەژێر کاریگەریی خۆردا دەبێ و لە خولگەکەی ئەودا دەمێنێتەوە، بەڵام هەڵکەوتەی نەیزەکەکە بەشێوەیەکە لەگەڵ زەوی، وەک بڵێی مانگێکی بچکۆلەی بۆ زیاد بووبێت؛ مانگێک کە بە چاوی سەر نابینرێت.
ئەمە رووداوێکی دەگمەن نییە و لە مێژووی دروستبوونی کۆمەڵەی خۆرەکەماندا هەزاران جار ئەم دۆخە دروستبووە کە نەیزەکێک یان هەر پارچە تەنێکی دیکە، بە هۆکارە فیزیاییەکان ناتوانێ بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەکەمان بچێتە دەرەوە.
ناسا چی دەڵێت؟
توێژەرانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) دەڵێن، زەوی هاوڕێیەکی ئاسمانیی بچووکی کاتی هەیە و بەشداری لە خولگەکەیدا دەکات. ئەم تەنە، کە نەیزەکێکە بە ناوی 2025 PN7، وەک "تەنێک کە لە مانگ دەچێت" (quasi-moon) پۆلێن کراوە. هەرچەندە ئەم زاراوەیە وادەکات وەک مانگی دووەم دەربکەوێت، بەڵام مانگێکی راستی نییە وەک ئەو مانگەی کە شەوان ئاسمانی ئێمە رووناک دەکاتەوە.
2025 PN7 قەبارەی زۆر بچووکە و تیرەکەی تەنیا 18 بۆ 36 مەترە. بۆ ئەوەی بە باشی تێبگەین، مانگی زەوی نزیکەی 3,474 کیلۆمەترە، کەواتە نەیزەکەکە نزیکەی 100,000 جار لە مانگ بچووکترە. قەبارەکەی زۆر لەچاو مانگدا کەمە و هیچ کاریگەرییەکی پێوانەکراوی لەسەر شەپۆلی دهریا، هێزی راکێشانی زەوی یان ژینگە نییە.
بە پێچەوانەی مانگەوە کە بە هێزی راکێشانی زەوی بەستراوەتەوە، 2025 PN7 بە رێڕەوێکدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە کە زۆر نزیکە لە زەوییەوە. ئەم شێوازی سووڕانەوەیە وای لێدەکات، لەسەر زەوی، وەک ئەوە دەربکەوێت کە مانگی دووەم بێت. زانایان ئەم تەنە بە "هاو-خولگەیی" (co-orbital)ی کاتی ناودەبەن، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی (نزیکەی 60 ساڵ) لەگەڵ خولگەی هەسارەکەدا بمێنێتەوە پێش ئەوەی دوور بکەوێتەوە.
نەیزەکەکە چی بەسەردێ و مەترسییەکانی چین؟
بەگوێرەی پێشبینیی زانایانی پێوانەکردنی جووڵەی تەنەکانی بۆشایی، پاش ساڵی 2083، نەیزەکەکە لە رێڕەوی زەوی دوور دەکەوێتەوە و لە گەشتی خۆی بەنێو گەردوون دا بەردەوام دەبێ.
ناسا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک لەم نیوە-مانگە نییە. قەبارە بچووکەکەی و شێوازی خولگەکەی واتای ئەوەیە کە هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر زەوی نییە. ئەم دۆزینەوەیە بیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەو هەموو تەنە بچووکە زۆرەی کە بە نێو کۆمەڵەی خۆرماندا تێدەپەڕن، کە هەندێکیان بە شێوەیەکی کاتی وەک هاوڕێیەکی بێدەنگ بۆ ماوەیەک لەگەڵمان دەمێننەوە و دوور دەکەونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ