رووداو دیجیتاڵ
چی دەزانیت دەربارەی پڕۆژە نوێیەکەی خاوەنی تێلێگرام؟ ئەمجارەیان تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو منداڵە!
لە هاوینی 2024، کلینیکێکی پیتاندنی دەستکرد لە مۆسکۆ بانگەشەیەکی جیاوازی کرد. ئەویش بەخشینی سپێرمی پاڤێڵ دورۆڤ، ملیاردێر و دامەزرێنەری ئەپلیکەیشنی تێلێگرام بوو بە خۆڕایی.
کلینیکەکە بۆ راکێشانی سەرنجی ژنان، سپێرمی دورۆڤی بە "کوالێتی بەرز" وەسفکرد و بە هەڵبژاردنێکی نایاب بۆ وەچەخستنەوە ناوی دەبرد.
کلینیکەکە ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو کە بریتی بوو لە دابینکردنی تەواوی تێچووی پیتاندنی دەستکرد (IVF) بۆ ئەو ژنانەی کە مەرجەکانیان تێدابوو، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 37 ساڵەوە بوو.
ئەم دەستپێشخەرییە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی خوێندەوار و تەندروست باش روو لە کلینیکەکە بکەن و ریز ببەستن، چونکە دورۆڤیان وەکو نموونەیەکی باڵای باوکایەتی و خاوەن جیناتێکی سەرکەوتوو دەبینی.
لە نێوەڕاستی 2024، پاڤێڵ دورۆڤ، لە رێگەی کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلێگرام، بە فەرمی ئاشکرای کرد کە بووەتە باوکی بایۆلۆژی زیاتر لە 100 منداڵ لە لانیکەم 12 وڵاتی جیاوازی جیهاندا، ئەمە جگە لە شەش منداڵی دیکەی کە لە سێ دایکی جیاواز هەیبوو.
دورۆڤ لە راگەیێندراوەکەیدا بەڵێنیدا، تەواوی میراتە زەبەلاحەکەی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو منداڵە بایۆلۆژییەکانیدا دابەش دەکات. ئەمە وایکرد کە لێشاوێکی گەورەی داواکاری لەلایەن ئەو کەسانەوە دەستپێبکات کە بانگەشەی ئەوەیان دەکردن منداڵیان لەو هەیە و بەدوای دانپێدانانی یاساییدا دەگەڕان.
دورۆڤ رایگەیاند، تەنیا ئەو کەسانە وەک منداڵی ئەو دەناسرێن کە بتوانن لە رێگەی پشکنینی DNAـوە پەیوەندیی خوێنی خۆیان لەگەڵیدا بسەلمێنن.
ئەو تەنانەت هەنگاوێکی سەیرتری نا و پلانی ئەوەی راگەیاند کە کۆدی جینەتیکی یان DNAی خۆی بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانی بتوانن لەو رێگەیەوە یەکدی بدۆزنەوە و پەیوەندی بە یەکترییەوە بکەن.
سامانی دورۆڤ بە نزیکەی 17 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت و ئەگەر بەیەکسانی بەسەر هەر 100 منداڵەکەی دابەشی بکات، ئەوا هەریەکەیان نزیکەی 170 ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت.
دورۆڤ بەم هەنگاوەی کێشەی بۆ خۆی دروست کردووە؛ ئێستا سێ هاوژینە کۆنەکەی و منداڵەکانی داوای روونکردنەوەی لێدەکەن و داوا دەکەن کە مافی دارایی ئەوانیش بپارێزرێت، بەڵام دورۆڤ دەڵێت، پەشیمان نییە و بەخشینی سپێرم بە "ئەرکێکی مەدەنی" دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ