رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە جیاوازیی یەک دەنگ پیت هێگسەس، بەربژێری دۆناڵد ترەمپی وەکو وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە پەسند کرد.
رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ دەنگدان لەسەر پیت هێگسەس بۆ بوون بە وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران، 50 کەس بە "بەڵێ" و 50 کەسەکەی دیکەش بە "نەخێر" دەنگیان دا، بەڵام دواجار هێگسەس بە دەنگی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە، وەکو وەزیری بەرگری پەسند کرا.
لەنێو ئەو 50 کەسەی بە "نەخێر" دەنگیان بە هێگسەس دا، هەریەکە لە لیزا مورۆوسکی، سوزەن کۆڵینز و میچ مکۆنەڵ هەبوون کە هەرسێکیان کۆمارین و پێیان وایە هێگسەس شیاوی ئەو پۆستە نییە و توانای بەڕێوەبردنی نییە.
هێگسەس لە گاردی نیشتمانیی ئەمریکا ئەفسەر بووە و لە ئەفغانستان و عێراق خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2014 لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز دەستبەکار بوو، پێشکێشکاری بەرنامەکانی (Fox and Friends Weekend) و (Fox Nation) بووە.
هێگسەس بە کەسێکی بێ ئەزموون لە بواری بەڕێوەبردن دادەندرێت و لەنێو ئەمریکاش رەخنەی تووند لە ترەمپ گیرا بەوەی کەسێکی دیکەی بۆ سەرکردایەتیی پێنتاگۆن بەربژێر نەکردووە بۆئەوەی سەرپەرشتیی 3.4 ملیۆن کارمەند بکات.
هێگسەس لە ساڵی 2017 لە کالیفۆرنیا بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.
دوای پەسندکردنی، هێگسەس ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێن بە "هەڵمەتی چەواشەکاریی هاوئاهەنگ" ناوبرد.
هێگسەس ئەزموونی شەڕکردنی لە عێراق و ئەفغانستان هەیە و پلەی رائیدی لە ریزەکانی سوپای نیشتمانی بەدەستهێناوە، بەڵام بەراورد بە جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکان، پلەیەکی نزمە و ناگاتە ئاستی ئەوانەی پێشتر بوونەتە وەزیری بەرگری.
هێگسەس لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و لە زانکۆی هارڤەردی هەمان وڵات، ماستەری وەرگرتووە.
ئەوەی بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی ترەمپ، قسە راشکاو و تووندەکانی بوو، کە وەکو پێشكێشکار لە کەناڵی فۆکس نیوز دەیکردن.
لە ساڵی 2019 هێگسەس لە بەرنامەیەکی فۆکس نیوزدا کوردی بە هاوپەیمانی ئەمریکا ناوبرد و رایگەیاند، "دەتوانین ئەرکی خۆمان لە دووریشەوە بەجێبگەیێنین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لەوێ [عێراق] کاربکەین، وەک کوردەکان."
پیتەر براین هێگسەس
لەدایکبوون: 06-06-1980
شوێنی لەدایکبوون: ویلایەتی مینیسۆتا
ساڵی 2003 لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا بەکالۆریۆسی لە سیاسەت بەدەستهێناوە؛ ساڵی 2013 لە زانکۆی هارڤەرد ماستەری لە سیاستی گشتی بەدەستهێناوە.
سێ جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
لە ساڵی 2003 چووەتە نێو ریزی گاردی نیشتیمانی ئەمریکا؛ ساڵانی 2004 و 2005 لەنێو ریزەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق خزمەتی سەربازیی کردووە؛ لە ساڵانی 2011 و 2012ـەش لە ئەفغانستان سەرباز بووە.
کاری میدیایی: لە ساڵی 2014 لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دەستی بە کار کرد و بەرنامەی "Fox & Friends Weekend"ـی پێشکێش دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ