لە رۆژێکی بەستوودا؛ کوردانی نیویۆرک بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە

25-01-2026
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
خۆپێشاندانی کوردانی نیویۆرک بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤای کوردستان
خۆپێشاندانی کوردانی نیویۆرک بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نیویۆرک پلەی گەرمی 11 پلە لەژێر سفرەوەیە، بەڵام سەرما نەبووەتە رێگر لەبەردەم رەوەندی کوردی کە بێنە سەر شەقام. رۆژی شەممە، دەیان کورد لەو شارە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
 
ئەمە ساردترین رۆژی ئەمساڵە لە نیویۆرک، بەڵام دەیان کورد لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دژی ئەو هێرشانە دەرببڕن کە دەکرێنە سەر رۆژئاڤای کوردستان.
 
خۆپێشاندەران لافیتە و پۆستەری جۆراوجۆریان بەرزکردبووەوە، تێیدا ئەمریکا و جیهانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە بەرامبەر "تاوانەکان" بێدەنگن.
 
خەیاڵ قەرتەل، رێکخەری خۆپێشاندانەکە دەڵێت: "پیر، ژن و منداڵەکانمان لە کۆبانی گیریان خواردووە؛ چەندین رۆژە بێ خۆراک، بێ ئاو و بێ ماڵ و حاڵن. ئەرکی ئێمەیە دەنگیان بەرز بکەینەوە. ئێوە تەنیا نین، ئێمە لەگەڵتانین. بژی بەرخودانی کۆبانێ."
 
هەندێک لە پەیامەکان راشکاوتر بوون؛ لەسەر یەکێک لە پۆستەرەکان وێنەی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا کێشرابوو کە چەقۆ لە پشتی کوردێک دەدات.
 
حکومەتی سووریا ئەو تۆمەتانەی خۆپێشاندەران رەتدەکاتەوە کە لە جەنگدا بێت دژی کورد، بەڵکو دەڵێت لە جەنگدایە دژی "میلیشیایەکی دەرەوەی یاسا" کە مەبەستیان لێی هەسەدەیە. 
ئەحمەد شەرعی، سەرۆکی سووریا، بەڵێنی داوە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورد بدات.
 
بەڵام ئەو کوردانەی لە نیویۆرک کۆببوونەوە، بڕوا بەو قسانە ناکەن و داوا دەکەن شەڕڤانانی کورد وەک پارێزەری ئەو ناوچانە بمێننەوە کە زۆربەی دانیشتووانیان کوردن.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت: "ئەمە دادپەروەری نییە. ئێمە دادپەروەریمان بۆ گەلەکەمان دەوێت. رۆژئاڤا کوردستانە و بەشێک نییە لە سووریا."
 
پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "1=2+2"، سەرنجی ئەو ئەمریکییانەی رادەکێشا کە بەوێدا تێدەپەڕین و بۆیان سەیر بوو، بەڵام بۆ کورد، ئەمە مانای خەبات بۆ یەکپارچەیی خاکەکەیان دەگەیێنێت، تەنانەت ئەگەر بەلای جیهانەوە هاوکێشەیەکی مەحاڵیش بێت.
 
لەم شەقامە بەستووەی نیویۆرکدا، خۆپێشاندەران دەڵێن ئەمجارە هاوکێشەکە سادەترە؛ پشتگوێخستنی دۆخەکە، یەکسانە بە رژانی خوێنی کوردی بێتاوان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: ئەرشیڤ

دیموکراتەکان ترەمپ بە هاوکاریی رووسیا تۆمەتبار دەکەن؛ "پووتین رۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت"

دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی رووسیا، خەریکە گەنجینەی جەنگی مۆسکۆ پڕ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی هەڕەشەی تووند دەبنەوە