رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خوازیاری چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام هۆشداریی دا کە هەرگیز رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و داوای گەرەنتیی روون و ئاشکرای لە بەرپرسانی ئێران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026 (بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25ی شوبات بەکاتی هەولێر) لە یەکەم گوتاری ساڵانەی وڵاتدا لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئێران.
سەرۆکى ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر بەردەوامیی دانوستاندنەکان و رایگەیاند، هێشتا چاوەڕێی "وشە نهێنییەکان" دەکات لەلایەن تارانەوە تاوەکو رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
ترەمپ لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا گوتی، "ئێمە لەگەڵیان لە دانوستاندنداین، ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام ئێمە هێشتا ئەو وشە نهێنییانەمان نەبیستووە کە بڵێن: ئێمە هەرگیز نابینە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئارەزووی ئەو بۆ چارەسەری سیاسییە، بەڵام هێڵە سوورەکانی واشنتن ناگۆڕدرێن و پێویستە ئێران هەڵوێستی خۆی بە کردەیی پێشان بدات.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ بە تووندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و گوتی، "پەسندی من ئەوەیە، ئەم کێشەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام یەک شت دڵنیایە: من هەرگیز رێگە نادەم گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا، کە ئێرانییەکانن، ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، بەرپرسانی تاران چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە. عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشتریش لە رێگەی "فەتوایەکی ئایینی"یەوە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی وەک "حەرام" ناساندووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکاندا لە جنێڤ دووپاتی کردەوە، ئێران "مافی نکوڵینەکراوی" هەیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی وزە و پزیشکی.
عێراقچی گوتی، "ئێمە لەژێر هەڕەشەدا دانوستاندن ناکەین و تەسلیم بە داواکارییەکانی ئەمریکا نابین کە دەبنە هۆی لاوازکردنی سەروەریی نیشتمانیمان."
تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی تەنیا لە چوارچێوەی "رێزگرتنی هاوبەش"دا ئامادەی گەیشتن بە رێککەوتنی نوێیە و هەرگیز دەستبەرداری پیشەسازیی ئەتۆمیی وڵاتەکەی نابێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، ناوچەکە لەبەردەم ئامادەباشییەکی سەربازیی گەورەدایە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراون.
دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2018 و لەدوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنی "بەرجام"، ناوچەکەی بەرەو ناسەقامگیرییەکی قووڵ بردووە.
لە ماوەی یەک ساڵی رابردووی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا، سیاسەتی "گوشاری زۆرترین" گەیشتووەتە ئاستێک کە تاران رووبەڕووی قەیرانی ئابووریی بێوێنە و ناڕەزایەتیی جەماوەری بووەتەوە.
جنێڤ و مەسقەت وەکو دوو ناوەندی سەرەکی بۆ تاقیکردنەوەی دوایین دەرفەتەکانی ئاشتی دەبیندرێن.
ئیدارەی ترەمپ لە رێگەی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەرەوە، دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ بونیاد بنێت، کە نەک تەنیا رێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بگرێت، بەڵکو سنوورێک بۆ بەرنامە مووشەکییەکان و هەژموونی ناوچەیی تاران دابنێت.
ئەم گوتارەی سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس دا، پەیامێکی روون بوو بۆ سەرکردایەتیی ئێران کە کات بۆ دیپلۆماسی بەرەو کۆتایی دەچێت و واشنتن هەموو بژاردەکانی، لەوانەش بژاردەی سەربازی، بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ تاوەکو گەرەنتیی ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز نابێتە هێزێکی ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ