رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی باجی سوێد (Skatteverket)، کە بەرپرسی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانە، بڕیاریدا رەتکردنەوەی تۆمارکردنی ناوی (جیهاد) بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکان جێبەجێ بکات. فەرمانگەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەم ناوە لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی بێزارکردنی منداڵەکە بەهۆی ئەو واتا نەرێنییانەی لە میدیا و گوتاری گشتیدا لەگەڵیدا بەستراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی شووباتی 2026، ئێدا باڤلیوک، فەرمانبەر لە فەرمانگەی باج بە رادیۆی ئیکۆتی سوێدی رایگەیاند، ئەم بڕیارە پشت بە رێنماییە یاساییەکانی ساڵی 2019 دەبەستێت. باڤلیوک روونی کردەوە: "ناوی جیهاد سەرەڕای واتاکانی وەک تێکۆشان و هەوڵدان، بەڵام زۆرجار لە میدیاکاندا بە چەمکە نەرێنییەکانی وەک جیهادیزم و هاوشێوەکانی دەبەسترێتەوە."
فەرمانگەکە لە بڕیارێکدا کە ساڵی 2025 دەرچووە، ئاماژەی بەوە کردبوو، "جیهاد بە واتای جەنگ دژی دووژمنانی ئیسلامیش دێت، بۆیە ناتوانرێت وەک ناوێکی کەسی هەژمار بکرێت." لەگەڵ ئەوەشدا، باڤلیوک جەختی کردەوە، جیهاد لە لیستی "ناوە قەدەخەکراوەکان" نییە و خودی ناوەکە بە خراپ نابینرێت، بەڵکو بڕیارەکە تەنیا منداڵە تازە لەدایکبووەکان دەگرێتەوە.
بەپێی ئامارەکان، نزیكەی 900 کەس لە سوێد ناویان جیهادە. یەکێک لەوان جیهاد حەمیدە کە دانیشتووی شاری مالمۆیە و لە لێدوانێکدا سەرسوڕمانی خۆی لەم بڕیارە دەربڕی و بە "کۆمیدی" وەسفی کرد.
جیهاد وتی: "من شانازی بە ناو و ناسنامەی خۆمەوە دەکەم. ئەم ناوە تەنیا بۆ موسڵمانان نییە، بەڵکو مەسیحییەکانیش بەکاری دەهێنن. ئەگەر خەڵک تەنیا بەهۆی ناوەکەمەوە بڕیارم لەسەر بدەن، من پێویستم بەو جۆرە پەیوەندییە نییە."
یاسای ناوەکان لە سوێد
بەپێی یاسای ناوەکان (Namnlagen) لە سوێد، فەرمانگەی باج دەسەڵاتی ئەوەی هەیە رێگری بکات لە تۆمارکردنی هەر ناوێک کە ئەگەری هەبێت زیانی دەروونی یان کۆمەڵایەتی بە خاوەنەکەی بگەیەنێت، یان ببێتە جێگەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی.
سەرەڕای ئەم قەدەخەیە، بەپێی راپۆرتەکان، لە ماوەی رابردوودا، شەش منداڵ بەو ناوە لە سوێد تۆمار کراون، بەڵام ئێستا فەرمانگەکە رێکارەکانی تووندتر کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ