رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هێشتا رێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران بەلاوە پەسندترە، بەڵام هۆشداری دا کە واشنتن هەموو ئامرازەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی رێگە نەدات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
مۆڵەت بۆ دانوستاندندنەکانی سبەی
رۆژی چوارشەممە 25-02-2026 ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News) هیوای خواست، دانوستاندنکارانی ئێران گفتوگۆکانی سبەی پێنجشەممە لە جنێڤ "بە هەند" وەربگرن.
ڤانس گوتی: "سەرۆک ترەمپ تاوەکو ئەو شوێنەی بکرێت، بە روونی پەیامی خۆی گەیاندووە؛ ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت. ئەو هەوڵدەدات ئەمە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە بەدیبهێنێت."
بژاردەی سەربازی وەک دواین هەنگاو
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ترەمپ رێگەی سەربازی هەڵبژێرێت، ئەوا "رێگریکردن لە ئێران بۆ بوونی چەکی ئەتۆمی، باڵاترین ئامانجی سەربازی دەبێت." گوتیشی: "ئێمە ئێستا بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان دادەنیشین تاوەکو بگەینە چارەسەرێکی لۆژیکی، بەڵام دەبێت رێبەر و بەرپرسانی ئێران تێبگەن کە رێگە بە ئەتۆمیبوونیان نادرێت."
چارەنووسی خامنەیی و رێککەوتنی ئەگەری
کاتێک پرسیار لە ڤانس کرا ئایا پێویستە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسەڵات لاببرێت، لە وەڵامدا گوتی: "سەرۆک ترەمپ خۆی بڕیار دەدات کە چۆن دڵنیایی بدات لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دەستناکەوێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، رێککەوتن گونجاوە ئەگەر خاڵی لەپێشینە بدرێتە دیپلۆماسی، بەڵام ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا جەختی کردەوە، تاران هێشتا ئامادە نییە بە تەواوەتی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت، کە ئەمەش پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانییە.
ئامانجی ئەمریکا
ڤانس لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بگەینە دۆخێک کە تێیدا ئێران نەتوانێت لەرێگەی هەڕەشەی ئەتۆمییەوە جیهان بترسێنێت." واشنتن ئێستا لە چاوەڕوانی پێشنیازە نووسراوەکەی ئێراندایە کە بڕیارە لە دانوستاندنەکانی سبەی پێنجشەممەدا لە جنێڤ بخرێتە روو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ