رووداو دیجیتاڵ
13 مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێدەپەڕێت؛ لەو ماوەیەدا گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا روویانداوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، زۆرینەی ئەمریکییەکان لەو سیاسەتانە ناڕازین.
بە گوێرەی دوایین 12 راپرسی لەبارەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپەوە، لە 11 راپرسیان دا بە تێکڕا رێژەی ناپەسەندی سیاسەتەکانی ترەمپ 15.45٪ زیاتر بووە لە پەسەندی.
وردەکاری راپرسییەکان
لە کۆی ئەو راپرسییانەی لەلایەن دامەزراوە و میدیا باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکاوە کراون، تەنیا یەک راپرسی ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک لە سیاسەتەکانی ترەمپ رازییە. ئەنجامی دیارترین راپرسییەکان بەمشێوەیەن:
یوگۆڤ: 60٪ ناپەسەند - 40٪ پەسەند
سی ئێن ئێن: 62٪ ناپەسەند - 39٪ پەسەند
ئیسپۆس: 58٪ ناپەسەند - 40٪ پەسەند
ئاڕ ئێم جی ریسێرچ: 52٪ ناپەسەند - 47٪ پەسەند
ئیلشۆن ئینسایت: ناپەسەندی 55٪ و پەسەندی 44٪
مۆرنینگ کەنسڵت: 53٪ ناپەسند، 44٪ پەسند
ئەمێرکان ریسێرچ گرووپ: 62٪ ناپەسند، 36٪ پەسند
سی ئێن ئێن و ئێس ئێس ئاڕ ئێس: 62٪ ناپەسەند، 39٪ پەسند
ڤێراسایت: 59٪ ناپەسند، 37٪ پەسند
تۆکەر ریسێرچ: 47٪ ناپەسند، 44٪ پەسند
بۆوڵینگ گرین ستەیت یونڤێرستی: 58٪ ناپەسند، 41٪ پەسند
بیگ دەیتا پۆڵ: 55٪ ناپەسند، 42٪ پەسند
ئینسایدەر و ئەدڤانتج (تاکە راپرسی ئەرێنی): 50٪ پەسند - 46٪ ناپەسند
ئەو راپرسییانەی سەرەوە کەمترینیان هەزار و 200 کەسی پێگەیشتوو بەشدارییان تێدا کردووە و زۆرترینیشیان 15 هەزار کەس بەشدار بوون.
سەروو 400 رۆژە ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپرسییەکی کردووە بۆ رێژەی پەسندی سیاسەتەکانی ترەمپ بەراوردی کردووە بە هەمان ئەو راپرسیانەی پێشتر کردبوونی بۆ هەڵسەنگاندنی 400 رۆژی سێ کابینەی پێشووی حکومەت.
بە گوێرەی ئەو راپرسییە، 56٪ی هاووڵاتییانی ئەمریکا سیاسەتەکانی ترەمپیان لەلا ناپەسندە و ٪40یان پەسندیان کردووە.
ئەگەر ئەو ئەنجامە بەراورد بکەین دەبینین لە هەمان ماوەدا ئەوانەی سیاسەتەکانی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایان لەلا پەسند بوو 64٪ زیاتر بوون لەوانەی لەلایەن ناپەسند بوو. بۆ باراک ئۆباما رێژەی زیاتربوونی پەسەدییەکە 2٪ بوو، بەڵام بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناپەسندییەکە 12٪ زیاتر بوو لە پەسندی.
ئابووری؛ گەورەترین کێشەی ئەمریکییەکان لە سەردەمی ترەمپدا
لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ئابووری بە گەورەترین کێشەی ئەمریکییەکان دادەندرێت. بە گوێرەی راپرسییەک کە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی بەریتانی کردوویەتی، 37٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئابووری بە گەورەترین کێشە و نیگەرانی دەبینن.
لە دوای ئابووری، 13٪ی هاووڵاتییان مافەکانی مرۆڤ، 10٪ چاودێری تەندروستی، 10٪ کۆچبەری و 7٪ ئاسایشی نیشتمانی بە دیارترین کێشەکان دەبینن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، 59٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ پەسند ناکەن و لە دژیانن. بەگوێرەی راپرسییەکی رۆیتەرزیش، تەنیا 39٪ی خەڵکی ئەمریکا پاڵپشتی سیاسەتەکانی ترەمپن بۆ کۆچبەری لە کاتێکدا 53٪یان لە دژیانن.
داڕمانی دۆلار لە سەردەمی ترەمپدا
نرخی دۆلار کە لەڕێگەی پێنوێنی دۆلار یان ئێندێکسی دۆلار دەپێورێت، نرخی دۆلاری ئەمریکییە بەراورد بە شەش دراوی سەرەکی جیهان، یۆرۆ، یەنی ژاپۆن، پاوەندی بەریتانیا، دۆلاری کەنەدا و کرۆنی سوید و فرانکی سویسرا.
سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ، بەتایبەت پرسی پێناسە گومرکییەکان، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر "پێنوێنی دۆلار" هەبووە. لە ساڵی 2025دا دۆلار 10٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە، کە ئەوەش خراپترین ساڵە بۆ دراوی ئەمریکی لە دوای 2017وە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان (لە کانوونی دووەمی 2025 بۆ ئێستا):
بەرامبەر یۆرۆ: لە 0.95ـەوە بۆ 0.85 دابەزیوە (10.53٪ بەهای لەدەستداوە).
بەرامبەر فرانکی سویسری: لە 0.90ـەوە بۆ 0.77 دابەزیوە (14.44٪ بەهای لەدەستداوە).
بەرامبەر پاوندی بەریتانی: لە 0.77ـەوە بۆ 0.74 دابەزیوە.
بەرامبەر دۆلاری کەنەدی: لە 1.43ـەوە بۆ 1.37 دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ