وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: کۆبوونەوەی جیاجیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق دەکەین

24-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی "کۆبوونەوەی جیاجیا" لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق دەکەن. 
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممە گەیشتە واشنتن و بە گوتەی خۆی، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا "ئاسایشی هاوبەش"ی هەردوو لا تاوتوێ بکەن. 
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرێوەبەری نووسینگەی رووداودا لە واشنتن، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سبەی لێرە لە وەزارەتی دەرەوە دەبێت بۆ چەند کۆبوونەوەیەکی جیاجیا".
 
گوتەبێژەکە هەروەها رایگەیاند: "من لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبم. لە بارەی ئەوەی کە ئایا چی روودەدات، ناتوانم ئێستا پێشوەختە هیچ شتێکتان بۆ بخەمەڕوو، بەڵام راگەیێندراومان دەبێت و سبەی وردەکاریی ئەو کۆبوونەوانە دەخەینەڕوو."
 
فوئاد حوسێن، رۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیبووی: "زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و یەکخستنی هەوڵەکان لە پێناو پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "باس لە رێگەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەش و پێکەوەکارکردن لە ژمارەیەک بواری جیاجیادا دەکەین."
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن: ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی عێراق دەگاتە واشنتن. ئەو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتییی ئێکسدا دەڵێت، لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکان باس لە ئاسایشی هاوبەش دەکەن. ئایا ئێوە هیچ کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵیدا هەیە؟ بەشی دووەمی پرسیارەکەم، ئایا گفتوگۆکانتان لەگەڵ ئێران هیچ کاریگەری و لێکەوتەی لەسەر عێراق دەبێت؟ من بۆیە ئەمە دەپرسم چونکە کاتێک باسی ئاسایشی عێراق دەکرێت، بابەتی ئێرانیش دێتە نێوی، چونکە ژمارەیەک گرووپی چەکداری لایەنگری ئێران لە عێراق هەن. هەروەها ئێوە لێخۆشبوونی سزاتان بۆ عێراق راگرت چونکە کارەبایان لە ئێران دەکڕی. 
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەتوانم پێتان بڵێم کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سبەی لێرە لە وەزارەتی دەرەوە دەبێت بۆ چەند کۆبوونەوەیەکی جیاجیا. من لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبم. لە بارەی ئەوەی کە ئایا چی روودەدات، ناتوانم ئێستا پێشوەختە هیچ شتێکتان بۆ بخەمەڕوو، بەڵام راگەیێندراومان دەبێت و سبەی وردەکاریی ئەو کۆبوونەوانە دەخەینەڕوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس

فرێدریش مێرتس بە سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات هەڵبژێردرایەوە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ساڵێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، بە بەدەستهێنانی 91%ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، وەک سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) هەڵبژێردرایەوە