رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند مۆسکۆ ئامادەیە لەگەڵ کیێڤ رێکبکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی رووسیا کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا رابگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا، رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین بگەینە رێککەوتن، بەڵام هێشتا هەندێک وردەکاری ماون پێویستیان بە یەکلاکردنەوەیە و ئێستا سەرقاڵیانین."
لاڤرۆڤ گوتی، گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن تایبەت بە ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا، بەباشی دەڕۆن و ئەو کۆبوونەوانەش بەردەوام دەبن. ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکای بگاتە رووسیا و لەگەڵ ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکراینا کۆببێتەوە.
سەبارەت بە رۆڵی ترەمپ لەو گفتوگۆیانە، لاڤرۆڤ گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا لەوانەیە تاکە سەرۆک بێت لەسەر زەوی، هەستی بەوە کردبێت پێویستە بناخەی ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت."
شەوی پێنجشەممە، ترەمپ داوای لە پوتین کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا رابگرێت، لەدوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی رووسیا بۆ سەر کیێڤ، 12 ئۆکراینی کوژران.
سەبارەت بەو هێرشانەی مۆسکۆ، ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال ترووس، نووسیوویەتی: "خۆشحاڵ نیم بەو هێرشانەی رووسیا، هیچ پێویست نییە و کاتەکەشەشی زۆر خراپە، ڤلادیمێر بووستە!"
هەر لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ رووسیا بۆ راگرتنی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا، رۆژنامەڤانان لە ترەمپیان پرسی، گفتوگۆکان بەکوێ گەیشتوون؟ گوتی "سازشی باشیان کردووە"، و کاتێک پرسیاری لێدەکرێت ئەو سازشانە چین؟، ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێ "هەموو وڵاتەکە [ئۆکراینا]، بۆ خۆی نەبات، پێموایە ئەوەش سازشێکی گەورەیە."
لەبارەی دوایین هێرشەکانی رووسیاش بۆ سەر وڵاتەکەی، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "هیچ گوشارێکی بەهێز نابینم لەدژی رووسیا یان پاکیجی سزای نوێ بۆ سەر رووسیا لەبەرامبەر ئەو هێرشانە."
ئۆکراینییەکان؛ دەڵێن لە دوو رۆژی رابردوودا، رووسیا 70 مووشەک و 145 درۆنی ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی ئۆکراینا و بەتایبەت کیێڤی پایتەخت کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ