رووداو دیجیتاڵ
کانی غولام، چالاکڤانێکی کوردە و دوای 24 رۆژ لە بەپێ رۆیشتن، گەیشتە پێش بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. ئەو چالاکڤانە کورە دژی پەیماننامەی لۆزان ئەو کارەی کردووە و دەڵێت، دەیەوێت لەو رێگەیەوە پەیامێک بداتە نەتەوە یەکگرتووەکان کە کورد ئەو پەیماننامەیە قبووڵ ناکات.
کانی غولام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دەمانەوێ ئەوان [نەتەوە یەکگرتووەکان] ببینن کە کوردستان ئازاد نییە، تاوەکو ئەوکاتە کوردستان [وەکو دەوڵەت قبووڵ دەکەن] هەر لە دەرگەیان دەدەین."
بەشێک لە چالاکڤانی دیکەی کورد لە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە.
دیمەن رەمزی لەبارەی ئەو چالاکییەی کانی غولام گوتی، ئەو ئەمڕۆ هاتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش دوای 24 رۆژ بەپێ رۆیشتن، ویستی نیشانی بدات کە کورد لەو پەیماننامەیە رازی نییە و رۆژێک لە رۆژان پێویستە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتییان هەبێت.
ئۆگوور یاڤووس، هاونیشتمانییەکی دیکە و لە بەردەم بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند، کوردیش وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە مافی خۆیەتی بژی و دەوڵەتی خۆی هەبێت و بە زمانی خۆی قسە بکات.
لە دوایین چالاکیدا لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، کانی غولام چەندین نووسینی لەسەر دەرگەی بارەگاکە هەڵواسی، بەڵام پاسەوانانی بارەگاکە رێگەیان نەدا پەیامەکان بە هەڵواسراوی بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ