رووداو دیجیتاڵ
شەرع گوتارێکی مێژوویی لە نەتەوە یەکگرتووکان پێشکەش دەکات کە ناکۆکە لەگەڵ کردارەکانی. لە رووداوێکی مێژووییدا، دوای دەیان ساڵ، ئەحمەد شەرع رۆژی چوارشەممە بوو بە یەکەم سەرۆکی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتار بدات.
گوتارێک کە لەلایەک پڕبوو زارەوەی ئایینی؛ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەبەردەمتان سەرکەوتنی راستی (حەق) بەسەر هەڵەدا (باتڵ) رادەگەیێنم."
لەلایەکی دیکە بەڵێنی پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هەمووانی دەدا. شەرع گوتی: "خاکی شارستانیەتە دێرینەکان و کولتوور شایستەی ئەوەیە ببێتە دەوڵەتێکی یاسا کە مافی هەمووان بپارێزێت و گەرەنتی ئازادییەکان بکات."
گوتارە کورتەکەی شەرع، کە نزیکەی 9 خولەکی خایاند، هەندێک دژیەکی تێدابوو. وەکو سەرۆکی کۆماری عەرەبی سووریا ناسێندرا، بەڵام باسی لە دروستکردنی سووریایەک دەکرد کە هەمووان لە خۆبگرێت. بە وشەیەکیش باسی دووەم گەورەترین نەتەوەی سووریا، کە کوردە، نەکرد؛ سەرەڕای ئەوەی دەیان ساڵ لەژێر دەسەڵاتەکانی پێشووی سووریادا چەوسێندراونەتەوە، وەکو قەدەخەکردنی زمانیان و بۆنە کولتوورییەکانیان.
حوسەین عەبدولحوسەین، شۆرڤەکار لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسی، بە رووداوی گوت: "سەرەتا دەیەوێت خۆی بەهێز بکات لەو ناوچانەی کە کوردی لێ نییە و پاشان کە بەهێزتر بوو رەنگە گوشارەکان لەسەر کورد زیاتر بکات."
لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، شەرع هیچ نوێنەرێکی کورد یان کەمایەتییەکی دیکەی لەگەڵدا نەبوو.
بەنێو هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەم کۆبوونەوە بۆ ئەو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان دەڕۆشت. یەک ئامانجی هەبوو رازیکردنیان تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە.
لە وێنەیەکدا کە تێیدا سەرۆکوەزیرانی ئیتالی بە بزەوە سەیری دەکات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی. دوای ئەو کۆبوونەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە رێگەی رووداوە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی شەرعی باسکرد.
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، بە رووداوی گوت: "ئێمە باوەڕمان بە سووریا هەیە. ئامادەین لە پێناوی ئاشتیدا کاربکەین. ئامادەین بۆ وەبەرهێنانی ئیتاڵی(لە سووریا)."
هەندێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا ئامادە نین قسە لەسەر نێوخۆی سووریا و مافی کەمینەکان لەوێ بکەن.
رووداو پرسیاری لە سەرۆکی سویسرا کرد: کەمینەکانی سووریا دەڵێن دەبێت لابردنی ئابڵووقەکانی ئەورووپا بەو مەرجە بێت کە سووریا مافی کەمینەکان بپارێزێت، هەڵوێستی سویسرا لەسەر ئەوە چییە؟
کارین کێڵەر سەتەر، سەرۆکی سویسرا بە رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆمان لەسەر ئەوە نەکرد. ناتوانم وەڵامت بدەمەوە. من وەزیری دەرەوە نیم. "
ئەمریکا و ئەورووپا بەشێکی زۆر سزاکانیان لەسەر سووریا لاداوە و دەڵێن دەیانەوێت چانسێک بەم حکومەتە نوێیە بدەن. بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا کە نایەوێت ناوی بهێنین بە رووداوی گوت، لابردنی سزاکان لەلایەن ئەرووپاوە واتای واژۆکردنی کاخەزی سپی نادات بۆ شەرع چی بوێت بیکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ