ئەبوو ئوسامەی فەرەنسی لە عێراق دادگایی دەکرێت کە "هەرگیز سەردانى نەکردووە"

25-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەدریان گیال، ناسراو بە ئەبوو ئوسامەی فەرەنسی، لەگەڵ 46 چەکداری دیکەی رێکخراوی داعش لە عێراق دادگایی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی بە گوتەی پارێزەرەکەی "هەرگیز سەردانی عێراقی نەکردووە".
 
ئەبوو ئوسامەی فەرەنسی لەگەڵ ئەو 46 چەکدارەی دیکەی داعش لە 18ی ئەیلوول لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەستی عێراق کراونەتەوە.
 
ئەو چەکدارەی داعش، فەرەنسییە و لە ساڵی 2016 بەرپرسیارێتی لەو هێرشە راگەیاند کە لە شاری نیسی فەرەنسا ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی 86 کەس.
 
رادەستکردنی ئەو چەکدارەی داعش لەسەر ئەو بنەمایەیە کە لەلایەن عێراقەوە داواکراون بە تۆمەتی ئەوەی تاوانیان ئەنجامداوە ئەو کاتەی داعش لە عێراق و سووریا باڵادەست بووە.
 
ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو پرسەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەبوو ئوسامەی فەرەنسی لە عێراق لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و لەگەڵ 46 کەسی دیکە دادگایی دەکرێن.
 
ڕێککەوتنی عێراق لەگەڵ هەسەدە وایە کە لەگەڵ رادەستکردنی هەر کاروانێکی کەسوکاری چەکدارانی داعشی کەمپی هۆڵی رۆژاوای کوردستان، ژمارەیەک لەو چەکدارە داعشیانە رادەستبکرێت کە لەلایەن بەغداوە داواکراون.
 
ئیتیان مانگوا، پارێزەری ئەبوو ئوسامەى فەرەنسی بە ئاژانسی فرانس پرێسى گوتووە: "ئەدریان گیال (ئەبو ئوسامەی فەرەنسی) هەرگیز پێشتر سەردانی عێراقی نەکردووە و پەیوەندی بەو وڵاتەوە نییە، هیچ لۆژیکى نییە لەوێ دادگایی بکرێت."
 
ئەبو ئوسامەی فەرەنسی لە ساڵی 2015 چووەتە سووریا بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە، لە 2018 لەلایەن هەسەدەوە دەستگیرکراوە.
 
ئیتیان مانگوا پێی وایە تەنیا رێگە بۆ دادگاییکردنی بە رێزگرتنەوە لە ماف و ئازادییەکانی ئەو چەکدارە فەرەنسییەى داعش ئەوەیە، لە رێگەی رێکارە یاساییەکانەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ فەرەنسا.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای عێراقەوە دەستی کەوتووە، لەگەڵ گەڕانەوەی هەر کاروانێکی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە، نزیکەی 100 داواکراو رادەست دەکرێنەوە. لە ساڵی 2019ەوە زیاتر لە 3500 عێراقی لەلایەن هەسەدەوە رادەستکراونەتەوە کە لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە داواکراو بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە