رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری رووداودا لەبارەی مانەوەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەپەژە لە داهاتووی سووریادا دەڵێت: "گرنگە هەموو ژنان بە ژنانی کوردیشەوە بەشداربن لە هەنگاوەکانی داهاتووی سووریا.'' بێربۆک دەڵێت: "ئەمە کەرتی ئاسایشیش دەگرێتەوە.''
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لە ئەنالینا بێربۆک کرد لەبارەی رۆڵی ژنانی شەڕڤان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە داهاتووی وڵاتەکە، بێربۆک دەڵێت: "هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان، هەموو رەگەزەکان بەشدار بن لە چاکسازیی ئاسایشی و سیستەمی ئەمنی داهاتووی سووریادا."
رۆژی 25ـی تشرینی دووەم, رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی دژی ژنانە، نامۆ عەبدوڵڵا لە بێربۆک دەپرسێت: "لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان، دەمەوێت پرسیارێکتان لەبارەی ژنانی سووریا لێبکەم، بەتایبەتی گرووپێکی دیاریکراو، کە شەڕڤانانی ژنن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و پێیان دەڵێن یەپەژە، وەکو دەزانن، ئەوان رۆڵێکی زۆر گرنگیان بینی لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی سووریا و پێکهاتەکان، ئێستا ئەم گرووپە خەریکە پەراوێز دەخرێ، هەڕەشە هەیە لە سووریای نوێدا ژنان لە ریزە سەربازییەکاندا نەبن، تەنیا دەمەوێت بۆچوونی بەڕێزتان بزانم وەکو ژنێک و وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی لەسەر گرنگی ئەم گرووپە و ژنان بەگشتی لە داهاتووی سووریادا؟
لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداودا، ئەو ژنە ئەڵمانییە کە پێش بوونی بە سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بوو، بە رووداوی راگەیاند: "نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە هەموو وڵاتێک دەزانین ئاشتی درێژخایەنتر و بەردەوامتر دەبێت ئەگەر ژنان بەشدار بن.''
بێربۆک دەڵێت: "ئەگەر ژنان بەشدار بن، ئەمە دڵنیایی دەدات کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست دەبێت بۆ کەمینەکان، گرووپەکانی دیکە و منداڵانی کۆمەڵگە.''
شەڕڤانانی ژن لە شەڕی دژی داعش رۆڵیان هەبوو، بەشێكن لە یەپەگە کە هێزی سەرەکی پێکهێنەری هێزەکانی سووریای دیموکراتە، هێشتا دانوستاندن و گفتوگۆکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا بۆ داهاتووی هەسەدە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئەو رێککەوتنەشی لە ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەت شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا واژۆ کرا جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەشداریی هەمووان لە داهاتووی سووریا دەکات و دەڵێت: "لە رابردوودا گفتوگۆی زۆرمان هەبووە لەگەڵ وڵاتانی جیاوازی جیهان لەبارەی بەشداریپێکردنی هەمووان لە حکومەتی داهاتوودا، لە لووتکەی کۆمەڵایەتی لە دەوحە، لەگەڵ وەزیری ژنان و خێزان و منداڵان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی سوریا کۆبوومەوە، ئەو جەختی لەسەر گرنگی بەشدارپێکردنی ژنان لە هەنگاوەکانی داهاتووی سووریا کردووە، بێگومان ئەمە ژنانی کوردی سووریاش دەگرێتەوە، ئەمە کەرتی ئاسایشیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان و هەموو رەگەزەکان بەشدار بن لە چاکسازیی ئاسایشی و سیستمی ئەمنی داهاتووی سووریادا."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: خاتوو سەرۆک، لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان، دەمەوێت پرسیارێکتان لەبارەی ژنانی سووریا لێبکەم، بەتایبەتی گرووپێکی دیاریکراو، کە شەڕڤانانی ژنن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و و پێیان دەڵێن یەپەژە، وەکو دەزانن، ئەوان رۆڵێکی زۆر گرنگیان بینی لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی سووریا و پێکهاتەکان، ئێستا ئەم گرووپە خەریکە پەراوێز دەخرێ، هەڕەشە هەیە لە سووریای نوێدا ژنان لە ریزە سەربازییەکاندا نەبن، دەمەوێت بۆچوونی بەڕێزتان بزانم وەکو ژنێک و وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی لەسەر گرنگی ئەم گرووپە و ژنان بەگشتی لە داهاتووی سووریادا. سوپاس.
ئەنالینا بێربۆک: نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە هەموو وڵاتێک دەزانین ئاشتی درێژخایەنتر و بەردەوامتر دەبێت ئەگەر ژنان بەشدار بن، نەک تەنیا لەسەر مێزی دانوستاندن.
دووبارە بەداخەوە، دیسان نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە زۆر وڵاتی جیهاندا، دۆخەکە لە رابردوودا بەم شێویە نەبووە، بۆیە بەشداریپێکردنی ژنان زۆر گرنگە بۆ ئاشتی، بۆ ئاسایش، هەروەها بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئازاد.
وەکو چەندین جار لێرەوە قسەمان لەسەرکردووە، بۆ من، نەک تەنیا وەک ژنێک، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی مێ، هەمیشە روونم کردووەتەوە دەنگ هەڵبڕینی من لەمبارەیەوە تەنیا پەیوەندی بە ژنانەوە نییە، بەڵکو ئەگەر ژنان بەشدار بن، ئەمە دڵنیایی دەدات کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست دەبێت بۆ کەمینەکان، گرووپەکانی دیکە و منداڵانی کۆمەڵگە.
بۆیە بۆ سووریا، لە رابردوودا گفتوگۆی زۆرمان هەبووە لەگەڵ وڵاتانی جیاوازی جیهان لەبارەی بەشداریپێکردنی هەمووان لە حکومەتی داهاتوودا، لە لووتکەی کۆمەڵایەتی لە دەوحە، لەگەڵ وەزیری ژنان و خێزان و منداڵان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی سوریا کۆبوومەوە، ئەو جەختی لەسەر گرنگی بەشدارپێکردنی ژنان لە هەنگاوەکانی داهاتووی سووریا کردووە، بێگومان ئەمە ژنانی کوردی سووریاش دەگرێتەوە، ئەمە کەرتی ئاسایشیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان و هەموو رەگەزەکان بەشدار بن لە چاکسازیی ئاسایشیی و سیستەمی ئەمنی داهاتووی سووریادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ