پیاوێک لە بەریتانیا مارێکی کوشت و سزای 26 هەفتە بەندکردنی بۆ دەرچوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێکی تەمەن 35 ساڵ لە بەریتانیا، بە فەرمانی دادگە بۆ حەوت ساڵ لە "خاوەندارێتیکردنی ئاژەڵان" قەدەخە کرا، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنرا کە بووەتە هۆی کوشتنی مارێک لە برسا و هێشتنەوەی شەش سەگ لە دۆخێکی "زۆر خراپ." دادگە سزای بەندکردنی 26 هەفتەی بۆ ئەو کەسە دەرکرد.
 
دادگەی شاری شێفیڵد لە بەریتانیا سزای 26 هەفتە زیندانیکردنی بۆ (جەیک رەیڵی)ـی تەمەن 35 ساڵ بڕییەوە. دادگە هەروەها بڕیاری دا رەیڵی بۆ حەوت ساڵ مافی بەخێوکردنی هیچ جۆرە ئاژەڵێکی نەبێت.
 
دۆزینەوەی مارێکی مردوو و سەگی تینوو
 
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی باشووری یۆرکشێر، لە شوباتدا لە گەڕان و پشکنینی خانوویەکدا لە ناوچەی (رۆزەرهام)، ئەفسەرانی پۆلیس مارێکی جۆری (رۆیال پایسن)ـیان لەنێو قەفەزێکی شووشەییدا بە مردوویی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی "برسێتییەوە" مردبوو.
 
پۆلیس ئاشکرای کرد کە لە هەمان شوێن، شەش سەگ لە "دۆخێکی نالەباردا" دەژیان. دوو لە سەگەکان لەنێو قەفەزی پیسدا بوون و تەنانەت "ئاوی خواردنەوەشیان بۆ دانەنرابوو."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، سێ لە سەگەکان بەهۆی بوونی کێشەی تەندروستیی قورسەوە "بە ناچاری کوژران،" بەڵام سێ سەگەکەی دیکە لە ژیاندا ماون و رادەستی چەند ماڵ و شوێنێکی نوێ کراون بۆ ئەوەی بەخێو بکرێن.
 
جەیک رەیڵی کە خەڵکی ناوچەی (رادکلیف ئۆنترێنت)ـە، لەبەردەم دادوەردا دانی بە هەر حەوت تۆمەتی سەرپێچیی و تووندوتیژیی دژی ئاژەڵاندا نا، کە لەلایەن پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە خرابوونە پاڵی.
 
هەرچەندە سزای زیندانی بۆ دەرکرا، بەڵام دادگە بڕیاریدا تاوەکو ساڵێکی دیکە سزاکە جێبەجێ نەکرێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە