رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەرێکی کوردی 16 ساڵ، پاش ئەوەی لە ساڵی 2017 دەگاتە وڵاتە هەنگاریا داوای مافی پەناخوازی دەکات، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە دیپۆرتی وڵاتی سڕبیای دەکات، پاش ئەوەی کەیسی گەنجە کوردەکە دەگاتە دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دادگەکە بڕیاری هەنگاریا لەبارەی گەنجەکە بە نایاسایی ناودەبات.
مژارێکی بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی هەینی (26-01-2024) لەلایەن هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکرا، تایبەت بوو بە چیرۆکی بردنەوەی سکاڵای گەنجێکی کورد لە دژی حکومەتی هەنگاریا سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی لەو وڵاتە پاش ئەوەی لە ساڵی 2017 داوای مافی پەناخوازی کردبوو و دیپۆرتکرابوو.
ئەو گەنجە کوردە ناوی کارۆخە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا ویستوویەتی بگاتە وڵاتانی ئەوروپا پاش ئەوەی دەگاتە وڵاتی هەنگاریا داوای مافی مانەوەی لەو وڵاتە کردووە، بەبێ ئەوەی گوێی لێبگیرێت حکومەت دەینێرێتەوە بۆ وڵاتی سڕبیا، بەپێی یاساکانی وڵاتی هەنگاریاش هەرکەسێکی خوار تەمەن 18 ساڵ داوای مافی پەناخوازی بکات، دەبێت رەوانەی سەنتەرێکی پاراستنی منداڵان بکرێت.
دەستەیەکی یاسایی هەنگاری بەناوی (کۆمیتەی هێلسینکی) کەیسی کارۆخ دەباتە دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پاش نزیکەی حەوت ساڵ کەیسەکە لە بەرژەوەندی گەنجە کوردەکە یەکلایی دەبێتەوە، دەستەکە پێشووتر پێنج کەیسی دیکەیان بردووەتە دادگە و یەکلاییان کردووەتەوە، ئەوان بە ئەنجامی هەوڵەکانیان دڵخۆشن.
لە بڕیاری دادگا ئەوروپییەکەدا دەرکەوتووە کە ناوی گەنجە کوردەکە کارۆخە و خەڵکی باشووری کوردستانە، یان وەکو دادگەکە دەیناسێنێ (کوردێکی عێراقییە). بە گوێرەی بڕیارەکە دادگە دەڵێت، پۆلیسی هەنگاری زانیویانە کارۆخ تەمەنی خوار 18 ساڵە و پێویستی بە پاراستن هەبووە، کەچی هەرواش بڕیاریانداوە دیپۆرتی بکەن و بینێرنەوە سربیا. ئەمەش لەکاتێکدا بووە کە هەر بەپێی یاساکانی هەنگاریا دەبووایە کارۆخ ببردرێتە سەنتەرێکی پاراستنی منداڵان."
زۆرینەی کۆچبەران کە لەڕێگەی وڵاتانی باڵکانەوە دەیانەوێت بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە، خۆیان دەگەیێننە هەنگاریا. حکومەتی ئەو وڵاتەش بەتووندی رووبەڕووی ئەو کۆچبەرانە دەبێتەوە و لەسەر ئەوەش بەردەوام رەخنەی لێدەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ