رووداو دیجیتاڵ
ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2022ـەوە بە نایاسایی چوونەتە وڵاتی بەریتانیا بەپێی یاسایەکی پەسندکراوی پەرلەمانی وڵاتەکە، حکومەت دەستکراوە کراوە لە ناردنیان بۆ رواندا.
مەبەستی پەرلەمان لە کۆچبەرانی نایاسایی ئەوانەن کە لەڕێگەی بەلەم یان هەر رێگەیەکی دیکە لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە بە قاچاخ خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. حکومەت رێککەوتنێکی لەگەڵ رواندا کردووە بۆئەوەی ئەو کۆچبەرانە بنێردرێنە رواندا و لەوێ سەیری دۆسییە و داواکاریی پەنابەرییەکەیان بکرێت. ئەو پێداچوونەوەیەش دەکرێت تاوەکو پێنج ساڵ بخایێنێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتی رواندا، ئەگەر داواکارییەکەیان پەسندکرا، کۆچبەرەکان دەهێندرێنەوە بەریتانیا. ئەگەر نا ئازاد دەبن لەوەی لە رواندا داوای مافی مانەوە بکەن یان خۆیان وڵاتەکە جێبهێڵن.
بەریتانیا دەڵێت، گەرەنتییان لە رواندا وەرگرتووە کە کەس دیپۆرت نەکاتەوە بۆ وڵاتی خۆی. ئێستا کە یاساکە لە پەرلەمانی بەریتانیا تێپەڕیوە، پێویستە ئەنجوومەنی لۆردانیش پەسندی بکات، ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی لۆردان داوای لە حکومەت کرد، کە جێبەجێکردنی پلانەکە دوابخات. ئەنجوومەنی لۆردان پێیوایە، پێویستە حکومەتی رواندا چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی کۆچبەریی خۆیدا بکات، ئینجا کۆچبەر بنێردرێنە ئەو وڵاتە.
بەو پێیە پەیامەکەی ئەنجوومەنی لۆردان تەنیا داواکارییە نەوەکو بڕیار، بۆیە دەکرێت حکومەتی بەریتانیا ئەو داواکارییە لەبەرچاو نەگرێ و پلانەکەی خۆی جێبەجێ بکات.
لەوبارەوە ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر پلانەکە جێبەجێ بکرێت لە درێژمەودادا پارەیەکی زۆر بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا 240 ملیۆن پاوەند لەلایەن بەریتانیاوە دراوەتە رواندا. 50 ملیۆنی دیکەش تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو بۆ ئەو وڵاتە دەنێردرێت.
بەپێی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا ناردنەوە یان ناردنی هەر کۆچبەرێک بۆ وڵاتێکی دیکە 63 هەزار پاوەند لەسەر حکومەت دەوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ