نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا: ئەمریکا ناهێڵێت سووریا پرسی کورد چارەسەر بکات

26-01-2024
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا پێیوایە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێبهێڵن، لە سووریاش دەچنە دەرەوە، گوتیشی، ئەمریکا رێگری لە دانوستاندنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی ناوەندیی سووریا دەکات. بە پێویستیشی دەزانێت کورد لە عێراق و سووریا لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بەغدا و دیمەشق رێکبکەون.
 
لە 21ـەمین گەڕی کۆبوونەوەی ئاستانای پایتەختی کازاخستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا کە لە دوو رۆژدا بەڕێوەچوو، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا قسەی بۆ کامیز شەدادی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: ''پێویستە کورد خۆیان لە حکومەتی سووریا نزیک بکەنەوە و ئێمەش پشتگیریی دیالۆگی نێوانیان دەکەین.''
 
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ پێیوایە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکانی ئێستای سووریا، بوونی هێزی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە شێوەی ''نایاسایی'' لەم وڵاتە. 
 
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا ئاماژەی بەوە کرد، مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا کۆسپی بەردەم لێکتێگەیشتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی وڵاتەکە و گوتی، ''بەداخەوە گوێڕایەڵیی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ ئەمریکا کە گوایە خۆسەری کوردییە و ئێستا بەپێی بە ناو دەستوورە نوێیەکەیانەوە خۆیان وەک خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ناودەبەن، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و رێگری بەردەم دیالۆگی نێوان نوێنەرانی کورد و شامە.''
 
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ پێیوایە: ''تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا بەشێوەیەکی رێکخراو لە سووریا بمێنێتەوە، بە شێوەیەکی چالاک هێزی خۆی بۆ سەپاندنی قەوارەیەکی فیدراڵی بەسەر کۆماری عەرەبیی سووریادا بەکاردەهێنێت، کە لە واقیعی سیاسیی ئێستا قبوڵکراو نییە.''
 
ساڵی 2019، لە قۆناخی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا هێزە سەربازییەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە. نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا باسی لەوە کرد، ''هەر رۆژێک دواتر نوێنەرانی کورد لە شام ئامادە بوون و بەشێوەیەکی چالاک دەستیان بە دانوستاندن لەگەڵ شام کرد و نەک تەنیا لەگەڵ ئەواندا، بەڵکو لەگەڵ ئێمە و لە رێگەی نێوەندگیریی ئێمەشەوە ئامادە بوون هەموو رێککەوتنەکان جێبەجێ بکەن.''
 
وەک ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ دەڵێت، دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا کە دواتر جێبەجێش نەکرا، ''نوێنەرانی کورد لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای سووریا لە رۆژهەڵاتی فورات؛ بەشداریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سوپای سووریا و چەندین بەڵێنی دیکە لەگەڵ شام رێککەوتن و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرسانە نیشاندا.''
 
بەگوتەی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ژێر گوشاری ئیدارەی وڵاتەکەی بڕیاری کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە سووریا بە مەبەستی مانەوەیان لەو وڵاتە گۆڕی، ''هەڵوێستی کوردیش دەستبەجێ گۆڕا و دەستبەرداری هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانە بوون، کە لە ئەستۆیان گرتبوو''. 
 
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ پێیوایە کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریا تەنیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێت و دەڵێت ''پشتگیری لە دانوستاندنی نێوان کورد و شام دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەو گفتوگۆکردنە بە باشی ناکرێت، نەک بەهۆی هەڵەی حکومەتی سووریا یان کورد، کە هەردووکیان ئامادەن بۆ دانوستاندن، بەڵکو ئەمریکییەکان رێگە بە دانوستاندنی قووڵ نادەن و ناهێڵن حکومەتی سووریا ئەو پرسە بە گوێرەی خۆی چارەسەر بکات، بەڵام ئێمە بەم ئاراستەیە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان''. 
 
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کێشەکانی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا چارەسەر بکەن، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، زوو یان درەنگ سەربازانی ئەمریکا سووریا جێدەهێڵن و ناچار دەبن کێشەکان لەگەڵ شام چارەسەر بکەن.''
 
''هێزەکانی ئەمریکا سووریا جێدەهێڵن''
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی و هاوپەیمانەکانیشی 500 راوێژکاری سەربازییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم مانگە لە کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا رایگەیاند، ''هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نەماوە و سوپای عێراق خۆی دەتوانێت رووبەڕووی شانە ماوەکانی داعش بێتەوە''.
 
قسەکانی سوودانی دوای ئەوە هاتن کە لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیی لایەنگری ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، لانیکەم 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات، هاوکات ئەمریکاش چەندین جار وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە کە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
 
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ دەڵێت، ''کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەمێنن، چیدی ناتوانین باس لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فوراتیش بکەین، ئەمریکا بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە ئێستا بووەتە مۆدە؛ زۆر بە ئاسانی دەچێتە ناو خاکی هەندێک وڵاتەوە بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان و زۆر بە زەحمەت لێی دەچێتە دەرەوە.''
 
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا باس لەوە دەکات، ''ئێستا هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بە هۆی هێرشەکانی (موقاوەمەی ئیسلامی) مەترسییان لەسەرە و هیچ دوور نییە کە ئەمریکا هاوشێوەی ئەفغانستان، ئەو دوو وڵاتەش جێبهێڵێت، بۆیە پێویستە کورد پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەبێت و رێکبکەون، چونکە ناچارن لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا پێکەوە بژین''.
 
قسەکانی ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ لەکاتێکدایە وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە حکومەتی هەردوو وڵات دەکەن کە ئەو لیژنە هاوبەشە، تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە عێراق بکات."
 
بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکاش، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە