ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کریستی نۆوم بە وەزیری ناوخۆ پەسند دەکات

26-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەستنیشانکردنی کریستی نۆوم ـی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە پەسند کرد. 
 
کریستی نۆوم، کە تاوەکو رۆژی شەممە، حاکمی ویلایەتی داکۆتای باشوور بوو، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەبات. بۆ ئاسایشی نیشتمانی و پلانەکانی دۆناڵد ترەمپیش بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی، چاوەڕێدەکرێت نۆوم رۆڵێکی گەورە ببینێت. 
 
نۆوم هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپە. 
 
کۆمارییەکان و بەشێکی دیموکراتەکانیش لە ئەنجوومەنی پیران بۆ راسپاردنی وەک وەزیری ناوخۆ، پشتیوانییان لێکرد. 
 
کۆمارییەکان چاویان لەوەیە، نۆوم سنووری ئەمریکا تووندوتۆڵ بکات و رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات. 
 
جۆن سوون، سەرکردەی زۆرینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران رۆژی هەینی گوتی "چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ یاسا یەکێکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانی سەرۆک ترەمپ و کۆمارییەکان. ئەوە پێویستی بە هەبوونی سەرکردەیەکی پێداگر و بەهێزە لە وەزارەتی ناوخۆ. بڕوام وایە کریستی هەموو شتێکی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکەی هەیە."
 
دیموکراتەکات لەنێوخۆیاندا ناکۆکن لەسەر ئەوەی چۆن لە سەردەمی ترەمپدا سنوور بپارێزن و رێگری لە کۆچی نایاسایی بکەن. 
 
چەک شوومەر، سەرکردەی کەمینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران گوتی دەنگ بە نۆوم نادات، بەڵکو پێیوایە دەبێت هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری پێکەوە چارەسەرێک بۆ پرسی سنوور بدۆزنەوە. دەشڵێت، نۆوم "بە ئاراستەی هەڵەدا دەڕوات."
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بەرپرسە لە دۆسیەکانی گومرک و پاراستنی سنوور، کۆچبەران، پاراستنی ئارامیی ناوخۆی وڵات و فەرمانگەکانی پەیوەست بە وڵاتینامە. 
 
رۆژی هەینی پیت هێگسەس بە وەزیری بەرگری پەسندکرا. 
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر دەستنیشانکردنی سکۆت بێسێنت بۆ وەزیری گەنجینە بدات. 
 
مارکۆ روبیۆ وەک وەزیری دەرەوە و جۆن راتکلیف، وەک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی پەسندکراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە