رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک ملیاردێر و پێشەنگی تەکنەلۆژیای ئەمریکا، بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی قسەی بۆ کۆنفرانسێکی پارتی AfDی ئەڵمانیا کرد، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەرە.
ئیلۆن مەسک پێشتریش چەند جارێک پشتیوانیی خۆی بۆ پارتە ئەڵمانییەکە دەربڕیوە.
دەربڕینی ئەم پشتیوانییە لە کاتێکدایە کە مانگی داهاتوو ئەڵمانیا پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت؛ چاوەڕێ دەکرێت پارتی AfD (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) ژمارەی دەنگەکانی زیاد بکات.
دوێنێ هەزاران لایەنگری پارتی AfD لە شاری هاڵ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کۆببوونەوە. ئیلۆن مەسک پێیراگەیاندن، پارتەکەیان "باشترین هیوایە بۆ داهاتووی ئەڵمانیا."
قسەکانی ئەمدواییەی مەسک بوونەتە هۆی نیگەرانیی سەرکردەکانی ئەورووپا و بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکانیان تۆمەتباری دەکەن.
هەفتەی رابردووش بەهۆی یەکێک لە جووڵەکانی مەسک، کە هەندێ کەس پێیانوایە سڵاوی سەربازیی نازییەکان بوو، ملیاردێرەکە رەخنەباران کرا.
مەسک بە لایەنگرانی پارتی AfD گوت: "خەڵکی ئەڵمانیا نەتەوەیەکی زۆر دێرینن کە مێژوویان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە." گوتیشی: "تەنانەت خوێندوومەتەوە کە جولیوس سیزار زۆر سەرسامی هۆزە ئەڵمانەکان بوو،" داواشی لە لایەنگرەکان کرد بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان "بجەنگن، بجەنگن، بجەنگن."
مەسک دەڵێت: AfD "دەیەوێت ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا مافی چارەی خۆنووسینی زیاتریان هەبێت" و یەکێتیی ئەورووپا کەمتر بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدات.
مەسک کەسێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە. ترەمپ وەزارەتێکی نوێی بە ناوی "وەزارەتی کارامەیی حکومەت" بۆ مەسک دروستکردووە.
هاوشێوەی ترەمپ، AfD دژایەتیی کۆچبەران دەکات، نکوڵی لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات و دژی سیاسەتەکانی هاوڕەگەزخوازییە و هەڵمەتێکی لە دژی دامەزراوەی سیاسیی و میدیای باو راگەیاندووە.
بە گوێرەی راپرسییەکان، چاوەڕێ دەکرێت AfD لە هەڵبژاردنەکەی 23ی شوباتدا، 20٪ی دەنگەکان و هاوپەیمانیی CDU/CSU نزیکەی 30٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ