رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ: مەترسی مردن و بێسەروشوێنبوونی سەدان کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست هەیە

26-01-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) نیگەرانی لەبارەی نوقمبوونی چەندین بەلەمی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست رادەگەیێنێت. دەشڵێت، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەدان کەس بێسەروشوێنن یان گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە جنێف راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە کۆپیێکی بۆ رووداو نێردراوە و دەڵێت، لە 10 رۆژی رابردوودا چەندین بەلەمی کۆچبەران لە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست نوقمبوون بوون. ئاماژە بەوەش دەکەن کە کەشوهەوای خراپ رێگرێکی گەورە بووە لەبەردەم پرۆسەکانی گەڕان و رزگارکردن.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا مردنی سێ کەس پشتڕاستکراوەتەوە، کە دووانیان کچە دووانەی تەمەن یەک ساڵانن و بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە. دایکی منداڵەکان کە رزگاربووێکی خەڵکی گینێیە، باسی لەوە کردووە کە منداڵەکانی کەمێک پێش گەیشتنی تیمەکان گیانیان سپاردووە.
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رزگاربووێک لە کەناراوەکانی ماڵتا رایگەیاندووە، لە رووداوێکی دیکەی نوقمبووندا لانیکەم 50 کەس بێسەروشوێن بوون یان خنکاون. هاوکات لە کەناراوەکانی توبڕوق لە لیبیاش مەترسی مردنی 51 کەسی دیکە هەیە.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەم کارەساتانە لە کاتێکدایە کە گەردەلوولێکی بەهێز بە ناوی "هاری" ناوچەکەی گرتووەتەوە، قاچاخچییەکان بە ئەنقەست و سەرەڕای زریانەکە، کۆچبەرانیان بە بەلەمی کۆن و قەرەباڵخ رەوانەی نێو دەریا کردووە، ئەمەش وەک "کارێکی تاوانکاری" وەسف دەکات.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، تەنیا لە ساڵی 2025دا لانیکەم 1,340 کەس لە ناوەڕاستی دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، لە دەسپێکی ساڵی 2026یشەوە تاوەکو ئێستا سەدان کەس بێسەروشوێنن و ئەم رێگەیەش هێشتا بە کوشندەترین رێڕۆی کۆچ لە جیهاندا دەمێنێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: ئەرشیڤ

دیموکراتەکان ترەمپ بە هاوکاریی رووسیا تۆمەتبار دەکەن؛ "پووتین رۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت"

دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی رووسیا، خەریکە گەنجینەی جەنگی مۆسکۆ پڕ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی هەڕەشەی تووند دەبنەوە