رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ سزاکانی ئەمریکا بۆسەر رووسیا تووندتر و تووندتر دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی G7 رووسیایان لە سیستەمی پارەدانی SWIFT دەرنەکردووە، بەڵام ئێستا وەکو بژارەیەک بیری لێدەکرێتەوە.
رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن رایگەیاند: تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیواخوازە رووسیا پاشگەز ببێتەوە لەو هەنگاوانەی کە ناویەتی، بەڵام ئەگەر بێتو پاشگەز نەبێتەوە، گەمارۆی زیاتری بەسەردا دەسەپێنن. ئەمڕۆش گەمارۆیان بەسەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا سەپاند.
ئێستا ئەمریکا زۆر بە جیددی بیر لەوە دەکاتەوە رووسیا لە سیستەمی سویفت بکاتە دەرەوە، بێگومان هەموو ئەو هەنگاوانەش لە رێگەی هاوتا ئەوروپییەکان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا دەنێن.
سویفت، کورتکراوەی "کۆمەڵگەی پەیوەندییە داراییە جیهانییەکانی نێوان بانکەکانە"، لە ساڵی 1973وە دامەزراوە و لە ساڵی 1977وە دەستی بەکارەکانی کردووە، بارەگای سەرەکی لە بروکسل، پایتەختی بەلجیکایە.
ئێستا زیاتر لە 9 هەزار دامەزراوە لە 209 وڵاتی جیهان ئەندامن؛ ئامانج لە "سویفت" پێشکێشکردنی نوێترین رێگەی زانستی بۆ بازاڕە داراییەکان و ئاسانکردنی مامەڵە بانکییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوەی وڵات.
لەبەر ئەوە ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ نییە، ئەمریکا دەڵێت، تەنیا بە سزای ئابووری وەڵامی رووسیا دەدەنەوە. ئەمریکا پێش ئەوەی هیچ سزا ئابوورییەکیش رابگەیێنێت، سزاکانیان بە قۆناخ دیزاین کردبوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر قۆناخێک و بارگرژییەک ئەوان هەندێک لەو سزا ئابوورییانە بسەپێنن.
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانەشی کە تاوەکو ئێستا بەسەر رووسیادا سەپێندراون، پەیامنێری رووداو دەڵێت: سزا ئابوورییەکانیش بەسەر رووسیا لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە، بەهای رۆبل بەشێوەیەکی زۆر بەچاو دابەزیوە.
کاریگەریی ئەو سزایانەش لەسەرەخۆ بەدیار دەکەون، ئەمریکییەکان دەڵێن، مانگێکی دیکە دەتوانن تەماشای ئابووریی رووسیا بکەن بزانن چ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا دێت و چەند لاواز دەبێت و رووسیا چۆن پەراوێز دەبێت.
گەمارۆ ئابوورییەکان زۆربەی کەرتە گرنگەکانی رووسیای گرتووەتەوە، تەنیا کەرتی وزە نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەمریکا خۆی نایەوێت قەیرانی وزە دروست ببێت، ئێستا نرخی وزە لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەمریکی و ئەوروپییەکان بە جیددی بیری لێدەکەنەوە و کاری لەسەر دەکەن رووسیا لە سیستەمی سویفت بخەنە دەرەوە.
ئەگەر رووسیا لە سیستەمی سویفت بخرێتە دەرەوە، بۆ رووسیا زۆر ئاستەم دەبێت هیچ ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی بکات، هەرچەندە رووسیا لە دوای 2014 دوای ئەوەی جارێکی دیکە هەڕەشەی ئابووری لێکرا سیستەمێکی تایبەت بەخۆی وەکو جێگرەوە دروستکرد، بەڵام لە سیستەمەکەی خۆی تەنیا چەند وڵاتێکی بچووکی وەک ئەرمەنستان و قیرغستان هەن.
بۆ ئەوەی رووسیا بتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکات و ئابوورییەکەی بەردەوامبێت، پێویستە لە سیستەمی سویفتدا بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات لە سیستەمی سویفتدا بیکاتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ