وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: بەبێ سازشی گەورەی ئێران قەیرانی ناوچەکە کۆتایی نایەت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، بۆ گەیشتن بە هەر چارەسەرێکی بەردەوام لە قەیرانی ئێستای ناوچەکەدا، پێویستە تاران سازشی گەورە بکات و گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەڵوێستەکانیدا دروست بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و رایگەیاند: "هیچ چارەسەرێکی بەردەوام بۆ ئەم قەیرانە نابێت، مەگەر رژێمی ئێران رەزامەندی لەسەر سازش و گۆڕانکاریی لە هەڵوێستەکانیدا بدات."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە کۆتاییهێنان بەم تەنگژە قووڵەی بەهۆی جەنگەکەوە دروستبووە، پێویستی بە هەنگاوی جیدی و کردەیی تاران هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
 
ئەم لێدوانانەی ژان نوێل بارۆ لە کاتێکدا دێن کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران زیادیان کردووە تاوەکو مەرجەکانی رێککەوتن قبووڵ بکات.
 
ئاڵۆزییەکان لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیانپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران؛ تاران لە وەڵامدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بەرژەوەندییەکانیان و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها لە رۆژی دووەمی جەنگەکەوە "تەنگەی هورمز"ی داخست کە شاخوێنبەری وزەی جیهانە.
 
هەرچەندە لە 8ـی نیسانی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەڕێکی دانوستاندن دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی تووند لەسەر سێ پرسی سەرەکی (پڕۆگرامی ئەتۆمی، کردنەوەی تەنگەی هورمز و داهاتووی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران) دانوستاندنەکان بەبێ ئەنجام بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە