رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی خۆجێی لە سوودانی باشوور رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە فڕۆکەیەکی بچووک لە نزیک جووبای پایتەخت کەوتووەتە خوارەوە، بەهۆیەوە سەرجەم 13 سەرنشینەکەی و فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستداوە.
فەرمانگەی فڕۆکەوانیی سڤیلی سوودانی باشوور لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە جۆری (سێسنا) بووە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جووبا فڕیوە؛ دواتر لە دووریی 20 کیلۆمەتر لە پایتەخت کەوتووەتە خوارەوە و هیچ کەسێک رزگاری نەبووە.
بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان، هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە "خراپیی کەشوهەوا و بەتایبەتیش کەمیی مەودای بینین" بووە. قوربانییەکان پێکهاتوون لە 12 هاووڵاتیی سوودانی باشوور و دوو هاووڵاتیی کینیایی.
ئەندامێکی تیمی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شوێنی رووداوەکە بووە، بەبێ ئاشکراکردنی ناوی رایگەیاند: "سەرجەم تەرمەکان بە تەواوی سووتاون و نەدەناسرانەوە."
سوودانی باشوور جگە لەوەی بەدەست ناسەقامگیری، ململانێ و هەژارییەوە دەناڵێنێت، ژێرخانێکی گواستنەوەی متمانەپێکراویشی نییە؛ زۆرجار رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تێیدا روودەدەن کە زۆربەیان بۆ باری قورس و خراپیی کەشوهەوا دەگەڕێندرێنەوە.
ئەمە یەکەم رووداوی لەو جۆرە نییە لەو وڵاتە؛ لە کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە باکووری وڵاتەکە 20 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ساڵی 2021، فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کە سووتەمەنی بۆ بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP) دەگواستەوە، کەوتە خوارەوە و پێنج کەس تێیدا مردن.
پێشتریش لە ساڵی 2015، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری ئەنتۆنۆڤ لە جووبا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 36 کەس. ساڵی 2017ـەش فڕۆکەیەک لە رێڕۆی فڕین لایدا و ئاگری گرت، بەڵام سەرجەم 37 سەرنشینەکەی بە سەلامەتی رزگاریان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ