جیهان
پیاوێک لە کارگەیەکی چین کار دەکات و جەنگەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەکانیان. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
لێکەوتەکانی دوو مانگ لە جەنگی ئێران بووەتە هۆی داخرانی کارگەکانی رستن و چنین لە هیندستان و بەنگلادیش؛ وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێرلەندا، پۆڵەندا و ئەڵمانیا؛ هەروەها کەمکردنەوەی پشکی وزە لە ڤێتنام، کۆریای باشوور و تایلەند، بەڵام ئەمریکا کە جەنگەکەی دەستپێکردووە، گورزی زۆر کەمتری بەرکەوتووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتیكدا دەڵێ، لە کاتێکدا نیشانەکانی سستیی ئابووری لە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا دەردەکەون، ئەگەر زۆرە ئەمریکا لە زۆربەی ئابوورییە پێشکەوتووەکانی جیهان باشتر بمێنێتەوە؛ چونکە گەشەی ئابوورییەکەی جێگیرە و رێژەی بێکاریش تێیدا نزمە. بانکی شاهانەی کەنەدا (RBC) هەفتەی رابردوو رایگەیاند: "هێشتا کارێکی ئەستەمە گرەو لەسەر شکستی ئابووریی ئەمریکا بکەی."
تەنانەت ئیمارات، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان و بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار خاوەنی سندووقی سەروەریی داراییە، داوای هاوکاریی دارایی بەپەلەی لە ئەمریکا کردووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی کێڵگە گازییەکانی بە مووشەک پێکران و هاتووچۆی کەشتییەکانیش لە تەنگەی هورمز وەستا.
تەنیا لە هەشت هەفتەدا، دیمەنی ئابووریی جیهان بە تەواوی شێواوە. قورسترین ئازاری ئابووریش بەر وڵاتە هەژارەکان دەکەوێت، کە بەکاربەرەکانیان توانای کڕینی وزەیان بە نرخێکی گران نییە و حکومەتەکانیشیان ناتوانن هاوکارییان بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووەکان.
داخستنی هورمز واتە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەین، ئەمەش واتە گرانبوونی نرخی خۆراک لە کۆتایی ئەم ساڵدا.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هەفتەی رابردوو هۆشداریی دا، لە ئەفریقا "ناسەقامگیریی خۆراک هەڕەشەیەکی گەورەیە." هەروەها بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) هۆشداریی دا، لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، ملیۆنان کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە مەترسیی هەژاربوونیان لەسەرە.
راگورام راجان، ئابووریناس لە زانکۆی شیکاگۆ و پارێزگاری پێشووی بانکی هیندستان بە نیویۆرک تایمزی گوتووە، زۆر لە وڵاتانی ئاسیا ئێستا بەدەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن و ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت.
راجان دەڵێ: "ئەو کەمبوونەوەیە بەرە بەرە شوێنەوارەکانی زیاتر دەبێت. کۆگەکانی وزە خەریکە بەتاڵ دەبن و هەندێک باری بازرگانیش وەستاون. دۆخەکە وەک ئەوە وایە ئاوەکە لە کوڵاندابێت و بۆقەکەش لە ناو ئاوەکەدابێت و پلەی گەرمییش بەردەوام بەرز ببێتەوە؛ ئێستا دەبینن کە پیشەسازییەکان خەریکە دادەخرێن."
کارگەکانی پۆڵا لە هیندستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ژاپۆن، بەهۆی گرانیی وزەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە. کارگەکانی یاریی منداڵان لە چین، کە پێشتریش بەدەست باجە قورسەکانی ئەمریکاوە دەیانناڵاند، ئێستا رووبەڕووی تووڕەیی هەزاران کرێکار بوونەتەوە کە کارەکانیان لەدەستداوە.
لە شاری فیرۆزئابادی باکووری هیندستان، محەممەد وەسیم کە کرێکاری گەچکارییە، دەڵێ: "بەهۆی جەنگەوە کار زۆر کەمبووەتەوە." وەسیم خەریکی مامەڵە بوو لەگەڵ خاوەنکارێک کە دەیویست تەنیا 500 رووپیە (نزیکەی 5.30 دۆلار)ـی پێ بدات، کە زۆر کەمترە لەوەی جاران وەریدەگرت.
ئاس محەممەدی تەمەن 25 ساڵ، کە کرێکاری بارهەڵگرە دەڵێ، تەنانەت ئەو 500 رووپیەیەش بەشی هیچی بۆ ناکات، چونکە گازی چێشتلێنان کە جاران بە 80 رووپیە بوو، ئێستا بووەتە 200 رووپیە.
جگە لەمانە، ملیۆنان کرێکاری هیندی کە لە ئیمارات و سعودیە دەژین و ساڵانە ملیارەها دۆلار حەواڵەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە، ئێستا لەوێ بەبێ کار ماونەتەوە. کەمیی ئەو ماددانەی لە تەنگەی هورمزەوە دەگوازرانەوە، وەک نەفتا، هیلیۆم و ئەلەمنیۆم، کاریگەریی کردووەتە سەر بەرهەمهێنانی هەموو شتێک، هەر لە کۆندۆمەوە تاوەکو نیمچە گەیەنەرەکان [چیپ].
بێگومان ئابووریی ئەمریکاش بە تەواوی لەم شۆکانە پارێزراو نییە. نرخی گازوایل لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە زیاتر لە دۆلارێک بۆ هەر گالۆنێک بەرزبووەتەوە، ئەمەش وەک باجێکی قورسە بۆ سەر بەکاربەری ئەمریکی، بەتایبەت ئەو خێزانانەی داهاتیان کەمە. لە وۆڵ ستریت [بۆرسەی ئەمریکا]، بانکەکان پێشبینییەکانیان بۆ گەشەی ئابووری کەمکردووەتەوە و پێشبینییەکانیان بۆ هەڵاوسان بەرزکردووەتەوە.
بەڵام بە بەراورد لەگەڵ تەواوی جیهان، کاریگەریی جەنگەکە لەسەر ئابووریی ناوخۆی ئەمریکا کەمترە. خەرجییەکانی بەکاربەر هێشتا بەهێزن و پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ گەشەیەکی باش بەخۆیەوە ببینێت. ئابووریناسان دەڵێن، دەبێت نرخی نەوت بگاتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئینجا ئەمریکا دەست دەکات بە نیگەرانیی جیدی لەبارەی سستیی ئابووری.
لە ئەڵمانیا، کۆمپانیای لوفتهانزا 20 هەزار گەشتی هاوینی ئەم ساڵی هەڵوەشاندەوە، چونکە نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە دوو هێندە زیادی کردووە. کەمبوونەوەی گەشتەکان کاریگەریی تووندی کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاری، هۆتێلەکان و چێشتخانەکان.
گەورەترین خاڵی بەهێزی ئەمریکا ئەوەیە کە بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی زیاترە لەوەی کە خۆی بەکاری دەهێنێت. جەیسن بۆردۆف، بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەتی وزەی جیهانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بە تایمزی گوت: "ئێمە ئەو ئازارە ناچێژین کە جیهان دەیچێژێت. کەمیی وزە لە ئاسیاوە دەستیپێکردووە و گەیشتووەتە ئەورووپا، ئێمە دوایین وڵات دەبین کە هەستی پێ بکەین."
بێن هاریس، ئابووریناسی پەیمانگەی برووکینگس لە ئەمریکا و ئابووریناسی پێشووی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئیدارەی بایدن گوتی: "نازانین ئەو شۆکە چەندە دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر بەردەوامبێت، شەش مانگی دیکە ئێمە قسەیەکی زۆر جیاواز دەکەین."
تایمز دەڵێ، ئەگەر سبەی جەنگەکە بوەستێت، هێشتا گومان هەیە لەوەی هاتووچۆی تەنگەی هورمز وەک خۆی لێبێتەوە. ئەو جەنگە پیشانی دا، تێپەڕینی ئازاد بە تەنگەکە چەندە بە ئاسانی رادەگیرێت و نرخ و مەترسی بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ