رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە پارەوە 8 هەزار و 232 مۆڵەتی مانەوەی پەنابەرانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر ژمارەکە کەمیکردووە. لەلایەکی دیکەوە، ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری لەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو دابەزیوە.
بەگوێرەی ئامارێکی حکومەتی ئەڵمانیا کە لە وەڵامی پرسیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ناردوویەتی و پشتی بە داتاکانی ساڵی 2025 بەستووە؛ لە کۆی ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەڵوەشاوەتەوە و دیپۆرتکراونەتەوە، 671 کەسیان خەڵکی جۆرجیا، 661 کەس خەڵکی ئەلبانیا و 618 کەسیشیان خەڵکی تورکیان. ئەم سێ وڵاتە لە ئامارەکانی ساڵی 2024ـیشدا پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمیان گرتبوو.
نزمترین ئاستی داواکارییەکانی پەنابەری
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڵاویکردوونەتەوە، لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 113 هەزار و 236 داواکاریی پەنابەری بۆ یەکەمجار تۆمارکراون. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024ـدا، 229 هەزار و 751 داوا و لە ساڵی 2023ـیشدا 329 هەزار داواکاریی پەنابەری تۆمارکرابوون.
داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ پیشانی دەدەن، ئەم دابەزینە بە درێژایی ساڵەکە بەردەوام بووە، بە جۆرێک داواکارییە مانگانەکان هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی رێوشوێنەکانی چاودێریی سنوورەکان کەمیان کردووە. ئەم ئامارانە تەنیا ئاماژە بەو داواکارییانە دەکەن کە بۆ یەکەمجار پێشکێشکراون و داواکارییە دووبارەبووەکان ناگرێتەوە.
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کە لە نێوەڕاستی ساڵی 2025ـدا دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا پۆستەکەی وەرگرت کە سیاسەتی کۆچبەری ببووە پرسێکی سیاسیی سەرەکی لە وڵاتەکەیدا. دوای دەستبەکاربوونیشی، حکومەتەکەی هەنگاوی تووندی نا بۆ تووندکردنەوەی پشکنینی سنوورەکان و هەموارکردنەوەی رێکارەکانی پەیوەست بە پەنابەری.
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا پشکنینەکانی لەسەر سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ پۆڵەندا، نەمسا، سویسرا و کۆماری چیک زیادکردووە. لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی بەڵگەنامەی رەوای هاتنەژوورەوەیان پێنەبووە، لە خاڵە سنوورییە فەرمییەکانەوە گەڕێندراونەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی رێژەی دیپۆرتکردنەوەکانیش کردووە لە ساڵی 2025ـدا، بە جۆرێک کە گەڕاندنەوەی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی پێشتر 20٪ زیادیکردووە.
بەرپرسان دەڵێن، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان زیاتر جەختی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی پێشتر داواکاریی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و هیچ بنەمایەکی یاساییان بۆ مانەوە نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی یەکگرتنەوەی خێزانیش سنووردار کراوە و ڤیزای زۆر کەمتر بۆ کەسوکاری پەنابەران دەرچووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوە فەرمییەکانیدا ئاشکرای کردووە، ئامانج لە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی کۆچبەری، کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بووە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پەنابەری بۆ ئەو کەسانەی کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.
فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە گوتاری سەری ساڵدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای کۆنترۆڵکردنی تووندتردا دەگەڕێت بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، بەڵام بەردەوامیش دەبێت لە کارکردن لەسەر رێڕەوە یاساییەکانی کۆچبەری.
کاریگەریی سووریا لەسەر ئامارەکانی ئەڵمانیا
داتاکانی کۆچبەری لە ئەڵمانیا دەریدەخەن کە هۆکارەکانی دەرەوەی سیاسەتی ئەڵمانیاش کاریگەرییان لەسەر ژمارەی پەنابەران هەبووە. بەپێی ئامارەکانی گرووپی ناحکومی "Mediendienst Integration"، ژمارەی ئەو سوورییانەی داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە کەمی کردووە، بەتایبەتی دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو سووریا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـدا.
گرووپەکە مەزەندەی کردووە کە تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی 2025، نزیکەی 948 هەزار سووری لە ئەڵمانیا ژیاون، کە هەندێکیان لەڕێگەی بەرنامەیەکی پاڵپشتیکراوی حکومەتەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
کێشەی کەمیی هێزی کار لە ئەڵمانیا
لەکاتێکدا حکومەت رێکارەکانی تووند کردووەتەوە، ئامارەکانی پەنابەری سەرنجی گرووپە بازرگانییەکان و ئابووریناسانی هێزی کاری راکێشاوە، چونکە ئەڵمانیا رووبەڕووی کەمیی هێزی کار بووەتەوە لە کەرتەکانی وەک چاودێریی تەندروستی، بیناسازی و پیشەسازیدا.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، وڵاتەکە ساڵانە پێویستی بە سەدان هەزار کرێکاری زیادە هەیە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی کارەکەی. زۆر لەو پەنابەرانەی لە ساڵانی پێشوودا چوونەتە ئەو وڵاتە، ئێستا لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکاندا دامەزراون. بەڵام بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، سیاسەتی پەنابەری و سیاسەتی کار دوو دۆسیەی جیاوازن و لەڕێگەی دوو چوارچێوەی جیاوازەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەڵمانیا و تووندکردنەوەی یاساکانی گەشتکردن
ئەم دۆخەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەورووپا خۆی ئامادە دەکات بۆ جێبەجێکردنی مەرجە نوێیەکانی هاتنەژوورەوە بۆ ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی کورت سەردانی وڵاتانی یەکێتییەکە دەکەن.
بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـەوە، گەشتیارانی ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە ڤیزا نییە، پێش چوونە ناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا (لەوانەش ئەڵمانیا)، پێویستە رەزامەندی لەڕێگەی "سیستەمی زانیاری و مۆڵەتی گەشتی ئەورووپی"ـیەوە بەدەستبهێنن.
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا پێشبینی دەکەن کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـیشدا رەوتی دابەزینی ژمارەی پەنابەران بەردەوام بێت و پۆلیسی فیدراڵیش لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە پشکنینە فراوانکراوەکانی سەر سنوورەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ