نەتەوە یەکگرتووەکان: سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست شەڕی نێوخۆی سوودان بەردەوامە

26-04-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە رۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە لایەنە ناکۆکەکانی سوودان رازی بوون بۆ ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیێنن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕی نێوخۆیی سوودان هەر بەردەوامە.
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی نیسانی 2023، ڤۆلکەر پێرسێس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوودان لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە دۆخی سوودان رایگەیاند، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە هەندێک شوێنی سوودان لە شەڕکردن بەردەوامن.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، 24ـی نیسانی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای دوو رۆژ گفتوگۆ، لایەنە نەیارەکانی سوودان رازیبوون بۆ ماوەی 72 کاژێر ئاگربەست لە تەواوی سوودان رابگەیێنن.
 
ڤۆلکەر پێرسێس گوتی، "هەرچەندە بڕیار وابوو کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 72 کاژێر بێت، بەڵام شەڕی سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە هەندێک ناوچەی سوودان چڕتر بووەتەوە و لایەنە ناکۆکەکان دەیانەوێت دەست بەسەر شوێنە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەدا بگرن."
 
ڤۆلکەر پێرسێس دەشڵێت، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە لایەنەکانی سوودان ئامادەی گفتوگۆی جدی بن بۆ وەستاندی شەڕەکە و هەردوو لایەن بیر لە سەرکەوتنی سەربازی دەکەنەوە."
 
هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی سوودان دەربڕی و رایگەیاند، "لەوانەیە ململانێی سوودان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە تەشەنە بکات."
 
شەڕی نێوخۆیی سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقا و خاوەنی زیاتر لە 46 ملیۆن دانیشتوو، پێی ناوەتە هەفتەی دووەم و رەوشی مرۆیی وڵاتەکە تاوەکو دێت بەرەو خراپتر دەڕوات.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سوودان، تاوەکو ئێستا 460 کەس لە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا کوژراون و 4 هەزار و 630 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە