جیهان
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق. وێنە: Jim WATSON / AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێندا ستایشی هەوڵەکانی عێراقی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کردووە. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، گەشبینیی خۆیان بە ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان دەربڕیوە.
رۆژی هەینی 25ی نیسانی 2025 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، هەردوولا "باسیان لە گرنگی سەروەریی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرد." دەشڵێت، "روبیۆ ستایشی هەوڵەکانی عێراقی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و دیالۆگی بنیادنەرانە کرد."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا "باسیان لە دەرفەتەکانی فراوانکردنی هاوئاهەنگی ئابووری و زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان ئەمریکا و عێراق کرد."
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی عێراقی کرد کە "یەکەمجارە دەستەیەکی بازرگانی کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکاوە دیاریکراوە، لە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن عێراقەوە میوانداری کرا، کە بووە هۆی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەهای ملیاران دۆلار."
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، "هەردوولا تاوتوێی هاوکارییە هاوبەشەکانیان لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووری کرد و فوئاد حوسێن جەختی لەسەر گرنگیی تووندوتۆڵکردنی هاوکاری ئەمنی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردەوە."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا گەشبینی خۆیان بە ئایندەی پەیوەندییەکانیان دەربڕی و فوئاد حسێن، رۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. لای خۆیەوە مارکۆ روبیۆ پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لە عێراق دووپاتکردەوە و دەستخۆشی لەو هەوڵە هاوبەشانە کرد کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دراون."
لە بواری ئابووریشدا فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، عێراق دەستی کردووە بە هەنگاوی جیدی بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردەکراو؛ روونیشی کردەوە، عێراق هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بواری گاز و لە چەند ساڵی داهاتووشدا خۆبژێوی لەو بوارەدا بەدەست دەهێنێت.
وەک وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، فوئاد حوسێن دووپاتی کردووەتەوە، عێراق دەستی کردووە بە هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دەوروبەری و لەگەڵ وڵاتانی دیکەش تاوتوێی هاوردەکردنی گاز دەکات؛ هەروەها داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد کە وەبەرهێنان لە عێراق زیاد بکەن و بەشداری لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی بکەن.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا باس لەوەش کراوە کە "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە رێگەکانی بەرزکردنەوەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی کرد، بە ئاماژەدان بە سەردانی ئەم دواییەی شاندێکی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کەرتی تایبەت بۆ عێراق و ئەو دەرفەتانەی بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەرتی گشتی و تایبەتدا هەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، "وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە گرنگیی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە هۆشدارییە ئەمنییەکان سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق کردووە، چونکە ئەو هۆشدارییانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە؛ هەروەها وەزیری دەرەوە باسی لە دۆخی باشی ئەمنی لە عێراق کردووە، ئەوەش بۆ زیاتر راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. لایەنی ئەمریکیش تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەم بابەتە دەربڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ