رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بێڕێزیکردن بە پاپای کۆچکردووی ڤاتیکان تۆمەتبار دەکرێت، دوای ئەوەی کە رۆژی شەممە بە قاتێکی شین لە ڤاتیکان بەشداری لە پرسەکەیدا کرد.
بە گوێرەی رێسای جلپۆشین بۆ بەشداریکردن لە پرسەی پاپا، پێویستە پیاوان قات و بۆینباخی رەش لەبەر بکەن و دوگمەیەکی رەش لە بەرۆکی چەپی چاکەتەکەیان بدەن.
ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە حەوشەی کەنیسەی سان پیتەر لە بەردەم تابووتی پاپا وەستان. هەموو سەرکردەکان قات و بۆینباخی رەشیان لەبەردابوو، جگە لە ترەمپ کە شینێکی کراوەی لەبەربوو.
تەنانەت میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمی ئەمریکا، چاکەتێکی رەشی لەبەر و تارایەکی رەشی لەسەر کردبوو.
شازادە ویلییەمی بەریتانیاش قاتێکی شینی لەبەربوو، بەڵام تاریکتربوو لەوەی ترەمپ. هەروەها جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆینباخی شینی بەستبوو. بەڵام ئەوەی ترەمپ، لە نێو هەموویان دیارتر بوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکێکی زۆر رەخنەیان لە ترەمپ گرت و بە بێڕێزیکردن بە پاپا تۆمەتباریان کرد، بەشێکیان بابەتی جلەکانی ڤۆلۆدمیر زیلیسنکی، سەرۆکی ئۆکراینایان وەبیرهێنایەوە کاتێک لە لایەن ترەمپەوە بە بێڕێزیکردن تۆمەتبارکرا تەنیا لەبەر ئەوەی بە جلی سەربازییەوە چووەتە کۆشکی سپی.
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی وەڵامی رەخنەکانی دایەوە گوتی: "سەرۆکمان قۆز و سەرۆکئاسا بوو لە تەک خانمی شۆخوشەنگی یەکممان."
هەروەها ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی گوتی: "سەرۆک و خانمی یەکەم رێزیان لە ژیان و خەباتی پاپا فرانسیس گرت. ئەوانەی دەیانەوێت بابەتەکە بە لاڕێدا ببەن، دەبێت شەرم لە خۆیان بکەنەوە."
ترەمپ و خانمی یەکەمی ئەمریکا پێش بەخاکسپاردنی تەرمی پاپا، رێوڕەسمەکەیان جێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ