رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهاییەکان دەڵێت، لە هێرشێکی حوسییەکاندا لە یەمەن 17 بەهایی دەستگیرکراون؛ ئەندامێکی ئۆفیسی نوێنەرایەتیی بەهاییەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە یەمەن نزیکەی دوو هەزار بەهایی دەژین و نوێنەریان لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی بەهاییە دەستگیرکراوەکان دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهاییەکان دەڵێت، "چەکدارانی حوسییەکان هەڵمەتێکی پڕ تووندوتیژییان لە شاری سەنعای یەمەن ئەنجامدا؛ ئەوان هێرشیان کردەسەر کۆبوونەوەیەکی ئاشتییانەی گەلی بەهاییەکان و 17 کەسیان لێ دەستگیرکردن و ئێستا بێسەروشوێنن کە پێنجیان ئافرەتن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چەندین ساڵە بەهاییەکانی یەمەن "تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و سەرکوت دەکرێن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەنی دوگال، نوێنەری سەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهاییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "لە سەنعا دەسەڵاتدارانی حوسییەکان سەرکوتکردنی کەمینە ئایینییەکانیان دوو هێندە زیاد کردووە؛ حوسییەکان مافی مرۆڤی بەهاییەکان و زۆر دیکەیان پێشێل کردووە و دەبێ بووەستێنرێن".
دوگال داوایکردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێزی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردنی حوسییەکان بۆ رێزگرتن لە مافی مرۆڤی هەموو تاکێکی یەمەن و ئازادکردنی 17 بەهاییەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە کۆمەڵێک بەهایی لە ماڵێکدا لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەکەیان، چونکە پیاوی گەورەی ئایینی لە ئایینی بەهاییدا نییە و ساڵانە ئەنجوومەن و دەستە پێکدەهێنن بۆ خزمەتکردنی پێداویستییە رووحی و مادییەکانی کۆمەڵگەکانیان.
لەبارەی کاتی دەستگیرکردنی 17 بەهاییەکە، فەهیم فەرهەنگ، ئەندامی ئۆفیسی نوێنەرایەتیی بەهاییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 26-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە دوێنێ بووە.
فەهیم فەرهەنگ ئاماژەی بەوەکرد، ئاماری دروستی بەهاییەکانی جیهان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەیان لە نێوان 7 ملیۆن بۆ 10 ملیۆن کەسدایە و زۆرینەیان لە هیندستان، ئەمریکا و کەنەدا دەژین، لە یەمەنیش زیاتر لە دوو هەزار بەهایی هەن.
بەهاییەکان لە هەرێمی کوردستان نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەیە؛ هەروەها ئۆفیسی نوێنەرایەتیی بەهاییەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەلایەن پێنج کەسەوە بەڕێوەدەبرێ. فەهیم فەرهەنگ گوتی، نزیکەی 100 خێزانی بەهایی لە هەرێمی کوردستان دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ