رووداو دیجیتاڵ
حاکمی ویلایەتی فلۆریدا کە لە مێژە بە رکابەرێکی چاوەڕوانکراو بۆ دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت، دواجار خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکرد. هاوکات، پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕیوە و بە ئاشکرا داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە.
رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا، تەمەنی 44 ساڵە و دواجار نیازی خۆی ئاشکراکردووە کە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی بەربژێر دەکات.
دێسانتیس سەرسەختانە بەرگری لە سیاسەتە نەریتخوازەکانی کۆمارییەکان دەکات و هێرش دەکاتە سەر دیموکراتە چەپە لیبڕالە رکابەرەکانیان و پێیوایە "ئەم ئەجێندای چەپەکان، ئەم ئایدیۆلۆژیای هەستانەوەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادییەکانمان."
بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان بۆ رکابەریکردنی بەربژێری دیموکراتەکان، پێویستە سەرەتا سانتیس دۆناڵد ترەمپ لە دەنگدانی نێوخۆی پارتەکەیدا ببەزێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی دێسانتیسەوە دەڵێت، "هەرگیز ناوی دێسانتیسی دووڕووتان گوێ لێ بووە؟ ئەم رۆن دێسانتیسە بە تووندی دژی سووتەمەنی ئیسانۆلە."
دێسانتیس لە ماوەی رابردوودا لە چەند بۆنەیەکدا پشتیوانیی لە کورد کردووە.
لە ساڵی 2017، 10 رۆژ دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، دێسانتیس کە ئەوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو، لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەو راپۆرتانەی لە گۆڕەپانەکەوە دێن پێشانیدەدەن یەکینەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی لایەنگری حکومەتی ئێران، لە نێویاندا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران، چەکی قورسیان جێگیرکردووە و چاوەڕێدەکرێت هێرشێکی گەورە دژی پێشمەرگە بکەن. کوردەکان هاوپەیمانی بەهێزی ئێمەن لە کاتێکدا ئەو میلشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات سەدان سەربازی ئەمریکییان لە عێراق کوشتووە. پێویستە ئەمریکا پشتی کورد بگرێت. تراژیدی دەبێت ئەگەر رێگە بدەین کورد لەلایەن ئەو هێزانەوە تێکبشكێنرێن کە دەستیان بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە."
دێسانتیس چەند رۆژێک دوای ئەوە داوای سەربەخۆیی کوردستانیشی کرد و رۆژی 1ـی نۆڤەمبەری 2017 رایگەیاند، "پێویستە کۆنگرێس بێتە سەر هێڵ و بە روونی رایبگەیێنێت کە ئێمە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە لە کۆتاییدا بکرێت، پێویست بوو زۆر لە مێژ ئەوە کرابا."
رۆن دێسانتیس پێشتر وەک دۆستێکی کورد دەرکەوتووە، بەڵام هەندێ جار قسەی شەو و رۆژ وەک یەک نین، قسەی پێش دەسەڵات و دوای دەسەڵاتیش لە یەک ناچن. دۆناڵد ترەمپیش پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، رەخنەی زۆری لە باراک ئۆبامای سەرۆکی پێش خۆی دەگرت بەوەی وەک پێویست پشتیوانی کوردی نەکردووە، بەڵام کە بووە سەرۆک، لە هێرشی سەر کەرکووک و پێشمەرگە بێلایەن مایەوە و لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیش هێزەکانی کشاندنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ